دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

ئێران چەندی لە سوریا خەرج کرد؟

هەرێم نیوز

یەکێک لە بابەتەکان سەبارەت بە بوونی ئێران لە سوریا، بڕی ئەو خەرجیانەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لەم وڵاتەدا خەرجی کردووە. ئاماری وردی ئەم تێچوونانە نەخراوەتەڕوو و تەنیا لێدوانی پەرشوبڵاوی بەرپرسان و ڕاپۆرتە نافەرمیەکان وێنەیەکی گشتی لەم بابەتە دەدەن.

میدیاکان لە ئێران و کاربەدەستانی حکومەت ئەم ڕێژەیە لە نێوان 30 بۆ 50 میلیارد دۆلار ڕادەگەیەنن، بەڵام پێدەچێت بڕی خەرجییەکان لەمە زیاتر بێت.

نووسینگەی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا چەند ساڵێک لەمەوبەر ڕاپۆرتی دا کە ئێران بە تێکڕا ساڵانە 6 ملیار دۆلار لە سووریا خەرج دەکات.

ڕێکخراوی ئەندێشەی واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، لە ڕاپۆرتێکی ساڵی 2019دا نووسیویەتی: سوپای پاسداران مانگانە 100 دۆلار دەدات بەو هاووڵاتیانەی لە شارێکی وەک دێرەزوور شەڕ دەکەن و ئەوانەی لە هێڵی پێشەوەن مانگانە 150 دۆلار بە نەقد.

حشمەتوڵڵا فەلاحەتپیشە، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا ڕایگەیاند کە سوریا 30 ملیار دۆلار قەرزاری ئێرانە و تا ئێستاش ڕوون نییە کە ئایا ئەم قەرزە لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد دەدرێتەوە یان نا.

دوای بەهاری عەرەبی و دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ لە سوریا، پەیوەندی ئێران و سوریا چووەتە سەردەمێکی نوێ.

پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕی ناوخۆ لە سووریا زیاتر بوو. جگە لە یارمەتییە دارایی و بازرگانییەکان، ئەو هاوکارییانە یارمەتییە چەکییەکانیشیان لەخۆگرتبوو، بەرپرسانی ئێرانیش ناردنی "ڕاوێژکاران"یان بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی سووریا ڕاگەیاند.

ژمارەی وردی کوژراوانی هێزەکانی ئێران لە سوریا دیار نییە، بەڵام مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 5 هەزار کەس لەم شەڕەدا کوژراون.

هەرچەندە لە نوێترین لێدواندا، محه‌مه‌د ڕه‌ئیسی په‌رله‌مانتاری ئێران به‌ ڕۆژنامه‌ی "ئۆبسێرڤه‌ر"ـی ڕاگه‌یاند، "نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار شه‌هیدمان به‌خشی و ملیاران دۆلارمان خه‌رجكرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌سه‌د نه‌كه‌وێت، به‌ڵام دواجار له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌دا له‌سه‌ر سینییه‌كی زێڕین پێشكه‌شی توندڕه‌وه‌كانمان كرد".

 

دۆستایەتی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و سوریا

پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سوریا لە دوای شۆڕشی 1979 هەمیشە ڕەوتێکی گەشەسەندنی هەبووە.

لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئێران و عێراق، پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و سوریا ڕەهەندی نوێی پەیدا کرد.

بە سەرکردایەتی حافز ئەسەد باوکی بەشار ئەسەد، لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا، سوریا تاکە وڵاتی عەرەبی بوو کە لەگەڵ ئێران مایەوە و تا کۆتایی جەنگ پشتیوانی ئەم وڵاتەی کرد.

لەم ماوەیەدا سوریا ڕۆڵی سەرەکی بینی لە یارمەتیدانی ئێران. یەکەم کڕینی چەک لەلایەن ئێرانەوە لە بلۆکی ڕۆژهەڵات لە ڕێگەی نێوەندگیری سوریا و بەناوی ئەم وڵاتە بە مەبەستی بەدەربازبوون لە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی چەک دژی ئێران ئەنجامدرا. لەم کاتەدا تەنانەت بەشێک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق تایبەت بوو بە ئۆپەراسیۆنە سەربازی و لۆجستییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

بەڵام وێڕای ئەو هەموو هاوکارییەی ئێران بۆ سوریا، دواجار وەک محەممەد ڕەئیسی پەرلەمانتاری ئێران دەڵێت: ئایا ئه‌وه‌ی كردمان‌ له‌ چوارچێوه‌ی سه‌رلێشێواندنی ئیسرائیلدا بوو؟ وادیاره‌ هه‌ندێك له‌ كاربه‌ده‌ستان بارودۆخه‌كه‌یان به‌ جۆرێك به‌ڕێوه‌برد خۆمانی توشی سه‌رلێشێواویی كرد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP