پێگەى ئیکسیۆس لە سەرزارى بەرپرسێکى ئەمریکییەوە بڵاویکردوەتەوە کە دەزگاى هەواڵگریی ئەمریکا باوەڕی وایە گەنجینەى چەک و تەقەمەنییە کیمیاوییەکانى سوریا کۆنترۆڵە، راشیگەیاند ئەوەى پێمان بکرێت لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەناوچەکەدا دەیکەین بۆ ئەوەى هیچ کەس و لایەنێک دەستى نەگات پێیان، رۆیتەرز لە بەرپرسێکى دیکەى ئەمریکاوە بڵاویکردوەتەوە واشنتۆن هەرچى پێبکرێت دەیکات بۆ ئەوەىچەک و چۆڵی کیمیاویی سوریا نەکەوێتە دەستى هیچ کەسێک و ئەمریکا خۆی بە وردی چاودێرییان دەکات.
رونیشکیردەوەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هەواڵی زۆر وردی لەبەردەستدایە سەبارەت بە گەنجینەى چەکە کیمیاییەکانى سوریا، راشیگەیاندووە واشنتۆن لە هەفتەى پێشوەوەو چاودێریی وردى چەکە کیمیاییەکانى سوریاى لە ئەستۆگرتووە و کاری پێویستى لەوبوارەدا گرتووەتە بەر.
بەرپرسێکى دیکەى ئەمریکی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە پێدەچێت ئەمریکا ئەو 900 سەربازەى خۆی لە رۆژهەڵاتى سوریا بهێڵێـتەوە وەک یەکێک لە رێککارەکانى ئەگەری سەرهەڵدانەوەى داعش لەناوچەکەدا.
رۆژى یەکشەمەى رابوردوش دوو سەرچاوەى ئەمنى بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە کە ئیسرائیل سێ هێرشى ئاسمانى کردووەتە سەر پێگەیەکى ئەمنى سوریی کە زانیارییان لە بەردەستدابووە ئێرانیەکان وەک شوێنى پەرەپێدانى موشەک بەکاریانهێناوە و کاریان تێداکردووە، سەرچاوەکان باسیان لەوەشکردووە هێرشەکە لەکاتێکدا بووە کە رژێمى بەشار ئەسەد بارگەو بنەیان پێچایەوەو چاوی هەمووان لەسەر راکردنەکەى ئەسەد بوو، بەگوێرەى سەرچاوەکان ئەو دوو شوێنە بریتى بوون لە بارەگای سەرەکی گومرگ لە دیمەشق و بینایەکى تەنیشتى کە بە بیناى هەواڵگریی سەربایی ناسراوەو دەکەونە گەشەکى کەفەر سوسەى دیمەشق و زیانى زۆریان بە دوو پێگە تایبەتەکە گەیاندووە.
دوو سەرچاوەکە جەختیان کردوەتەوە کە هێرشە ئاسمانییەکانى ئیسرائیل بۆ ئەو دوو پێگە ئەمنییە بۆ لێدان بووە لە ژێرخانى پەرەپێدانى موشەکەکانى ئێران لە سوریا لەگەڵ لەناوبردنى هەندێک چەک و تەقەمەنى هەستیار کە هیچ ئاماژەیەکی دیکەیان پێنەکراوە.
رۆیتەرز نوسیویەتى ئیسرائیل ماوەیەکی زۆرە لە دوو دڵیدا بووە بۆ لەناوبردنى دەوڵەتەکەى ئەسەد، لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیابووە لەوەى ژمارەیەک لە بەرپرسانى وڵاتەکە کار بۆ ئەوە بکەن کە سوریا بکەنە خاوەنى هێز و چەکی ستراتیژیی لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، بۆیە بەرپرسانى ئیسرائیلى نیگەران بوون لەوەى چەکى قەدەغەکراو و کیمیاویی سوریا بکەوێتە دەستى ئەو گروپانەى کە توندڕەو ودژبەری ئیسرائیلن لە کاتێکدا دەست بەسەر دیمەشقدا دەگرن..