هەرێم نیوز
رۆژە مێژووییەکە:
بەرەبەیانى هەشتى کانوونى دووەم بووە ئەو رۆژەى کە لەمێژووى وڵاتى سوریادا لەیاد ناچێت و بووە یەکێک لەو رۆژانەى داوى 53 ساڵ بۆیەکەمجار هەواى ئازادى هەڵبمژن، بۆ دەسەڵاتدارانیش بووە کۆتایی عەیش و نۆش و ژیانى شاهانە، بەڵام بەرەبەیانى ئەمڕۆ بە فرۆکەیەکى نادیارە و ئەسەد هەڵات، هەڵاتنێک نزیکەکانى خۆشى نازانن رووى لە چ شوێنێک کردووە، هەڵاتنێک دۆستەکانیشى فریاى نەکەوتن، ئەوە جگە لەوەى پێشتر ژن و منداڵەکەى ناردبووە روسیا.
ئەسەد بەرەوکوێ هەڵاتووە؟
هەندێک هەواڵى لابەلایی هەیە گوایە ئەو فڕۆکەیەى ئەسەدى سوارکردووە کەوتوەتە خوارەوە، بەڵام جگە لە دەنگۆیەک شتێکی ئەوتۆ نییە، چوون نەشوێنى کەوتنەخوارەوەى هەیە و نە شوێنەوارێک لە جەستەى خۆی و فرۆکەکەى، کەواتە ئەمە جگە بەلاڕێدا بردن و دەنگۆیەک شتێکی ئەوتۆ نییە، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە لە کوێیە؟
هەرزوو عەباسی عەراقچى وەزیریى دەرەوەى ئێران رایگەیاند بەشار ئەسەدى برایان لە دەستى خوادایە و گوتیشى ئاگایان لەوەنییە بەرەو کوێ هەڵاتووە، بەڵام یەکێک لە گومانە سەرەکییەکان ئێرانە، بەڵام چۆن و لەکوێوە؟ هەندێک لە شرۆڤەکاران باوەڕیان وایە دوور نییە لە ڕێگەى گروپەکانى نزیک لە ئێران رەوانەکرابێت یان لە ئێستادا سەرقاڵی رەوانەکردنینى، یەکێکى تریش لە ئەگەرەکان ناوچەى درۆزەکانى قەومیەتى لە لازقییە، بەڵام ئەوەش کەمێک قورسە لەبەر ئەوەى لازقیەش هەروا ئاسان نییە، یەکێکى تریش لە ئەگەرەکان مانەوەیەتى لە نێو یەکێک لەو بنکە روسییەکانى کە لە سوریادا هەن. ئەوەى تر کە ماوەتەوە ئەوەیە لەناوخۆی وڵاتدا خۆی شاردبێتەوە، هەر وەک ئەوەى کە سەدام و موعەمەر قەزافی کردیان.
لە پزیشکى ددانەوە بۆ سەرۆکایەتى کۆمار:
با واز لەوە بێنین کە حافز ئەسەد لە ساڵی 1971 ـەوە هاتووەتە سەرحوکم و لە جەنگی عێراق و ئێراندا پشتى کردە بەعسى عێراق و ناسنامەى عەرەبیەتى خۆی و پشتیوانى ئێرانى کرد، ئەوەش بووە هۆی ناکۆکییەکانى نێوان هەردوو باڵەکەى بەعس و تا کۆتایی بەعس لە 2003 پەیوەندییەکانیان ئاسایی نەبوویەوە، هەربۆیە تاکاتى مردنەکەى لە 10ـى حوزەیرانى 2000 لە پۆستى سەرۆکایەتیدا مایەوە، دواى ئەو بە یەک هەفتە بەشار ئەسەدى کوڕی بووە سەرۆکی وڵات، بەشار ئەسەد لە ساڵی 1988 بووە پزیشکى ددان لە نەخۆشخانەیەکی سەربازییدا و دواتر بووە پزیشکى چاو، بەشار ئەسەد لە ساڵی 1994ـەوە چووە بوارى سەربازیی و ئەمنى.
دەستکاریی کردنى دەستوور:
بەگویرەى دەستوورى سوریا دەبوو سەرۆک تەمەنى 40 ساڵان کەمتر نەبێت، بەڵام بە خێرایی دەستکاریی دەستووریان کرد و تەمەنەکەیان دابەزاند بۆ 36 ساڵی بۆئەوەى شمولی بەشار ئەسەد بکات.
تیرۆری حەریریی و شەڕی ناوخۆ:
دواى ئەوەى رەفیق حەریریی لە ساڵی 2005 تیرۆرکرا پەنجەى تاوان بۆ بەشار ئەسەد درێژکرا، بەڵام هیچ شتێکى ئەوتۆی لێ سەوزنەبوو جگە لەناکۆکی و ئاڵۆزیی نێوان هەردوو وڵات، دواجاریش لە ساڵی 2011 ـەوە کە بەهارى عەرەبی هات و لە تونسەوە گەشتە سوریا، لەوێ بەهارەکە چەقى و نەیتوانى کۆتایی بە دەسەڵاتى ئەسەد بهێنێت، لەوێوە کارەساتەکانى سوریا سەریانهەڵدا و سەرەڕاى دەستبارى ئێران و روسیا بۆ مانەوەى بەشار لەسەر کورسى دەسەڵات، بەڵام ئەویش دەستى لە کوشتاری سورییەکان نەپاراست و لە پێناوى مانەوەى خۆیدا نزیکەى 600 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
کورد و دەستێوەردانەکانى تورکیا:
کورد لە سەروبەندی گۆڕانکارییەکانى بەهاری عەرەبیدا کوردەکانى رۆژاواى کوردستان کەوتنە خۆیان و لە سایەى ژمارەیەک پارت و گروپدا خۆیان رێکخستەوە، تورکیا بە پاساوی رێگریی کردن لە کیانێکى کوردی لەسەر سنوورەکانى و پاساوەکان پاراستنى سنوورەکانى خۆی پەلاماری ئەو وڵاتە و روبەڕووبوونەوەى داعش دەستێوەردانى سەرزبایی بکات و تا ئێستاش لەو وڵادا ماوەتەوە، هەرچەندە سوریا هەمیشە خوازیاریی کشانەوەى هێزەکانى تورکیا بووە، بەڵام تورکیا گوێی نەداوەتێ، کاتێکیش ئەردۆغان دەیەویست بەشار ئەسەد ببینێت، تاکە مەرجی کشانەوەى هێزەکانى بوو، بەڵام ئەسەد رۆشت و ئەو دیدارەش سازنەکرا، کورد سەرەڕای جەختکردنەوەى تورکیا بۆ لەناوبردنیان ، مایەوە و بگرە توانیشیان -سەرەڕای تێبینیەکان- گەشەش بکەن.
پرسیارە گرنگەکان:
دواى ئەوە بەشار ئەسەد کۆتایی بەدەسەڵاتەکەى هات، یەکێک لە کۆڵەکەکانى هەژموونى ئێران روخا، یەکێکى تر لە دیکتاتۆرەکانى ناوچەکە بارگەوبنەی پێچایەوە، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئاخۆ لەدواى ئەو چ جۆرە دەسەڵاتێک جێگەى دەگرێتەوە؟ ئاخۆ کۆتایی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتى تاکلایەنەى بەعس دێت و لایەن و پێکهاتەکان دەتوانن حکومەتێکى نیشتمانى پێکبهێنن، یاخود سوریا دابەش دەبێت بۆ چەند هەرێمێک، پاشان ئاخۆ ئەمریکا و وڵاتانى زلهێز رێگە بە گروپە توندڕەوەکان دەدەن لەنێو دیمەشقدا و لە پەناى ئیسرائیل دا فەرمانڕەوایی بکات؟ یاخود ئەمە بازنەیەکە بۆ دروستبوونى دەوڵەتە گەورەکەى ئیسرائیل کە لە رۆژئاواى فوراتەوە درێژدەبێتەوە بۆ رۆژهەڵاتى نیل؟ تێبینینە گرنگەکەش ئەوەیە لەو نەخشەیەدا هیچ بەشێک لە کوردستانى پێوەنابێت، تۆبڵێی ئەوە نەبێتە سەرەتایەکى زۆر باش بۆ پەرەپێدانى کیانێکى کوردى و بە پاڵپشتى هەرێمى کوردستانیش لێکنەدرێت؟ داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە.