هەرێم نیوز
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، بەشی زۆرینەی وەزارەت و فەرمانگەکان لیستی مووچەی مانگی 12یان ئامادەیە، دەشڵێت، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لەدوای 9ی12وە لیستی مووچەی مانگی 12 بۆ دارایی فیدڕاڵ بنێردرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای کرد، "هەموو وەزارەتەکان لیستی مووچەی مانگی 12یان بۆ وەزارەتی دارایی هێناوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە وەزارەت وردبینیی لیستەکان کرا،یەک دوو شوێن کەموکوڕییان هەیە، وەزارەت ئاگاداری کردوون چارەسەری کەموکوڕییەکانیان بکەن و ئەمڕۆ ڕەوانەی بکەنەوە."
سەرچاوەکە ڕوونیشیکردەوە، "بەرنامەکە بەو جۆرەیه، هەفتەی داهاتوو لەدوای 9ی12وە لیستی مووچەی مانگی 12 بۆ دارایی فیدڕاڵ بنێردرێت."
ڕۆژی 26ی 11ی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوی کردەوە، لیستی مووچەی مانگی 11ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا.
سەرچاوەکەی دارایی ئەوەشی خستە ڕوو، ئامادەکردن و ناردنی لیستی مووچەی 12 بە هەمان شێوەی مانگی 11یە، وتیشی: "بۆ مانگی 12 لیستی جیاوازیی مووچەی فەرمانبەران، لەگەڵ لیستی مووچە بە سیدییەکی جیاواز و بە کاغەز بۆ دارایی فیدڕاڵ دەنێردرێ."
ئەمەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی دارایی هەرێم، لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، یەکشەممە، 03-11-2024، لیستی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن نوێنەری وەزارەتەکەیانەوە ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا.
گوێرەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دابەش بکرێت و نابێت مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکرێت.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان ڕادەستى حکوومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا، بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان، زیاتر لە یەک ملیۆن و 114 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان زیاترە لە 960 ملیار دینار.