هەرێم نیوز
هاوکار عومەر ڕایگەیاند، سبەینێ چوارشەممە، بۆ جاری دووەم لە پێنجوێن نەوت دابەش دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 24-12-2024، هاوکار عومەر، لێپرسراوى کارتى سووتەمەنى لە قایمقامییەتى پێنجوێن لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، سبەینێ چوارشەممە، بۆ جاری دووەم لە پێنجوێن نەوت دابەش دەکرێت و لە یەکەم قۆناغدا 10 تانکەر نەوتی سپی دەگاتە قەزاکە، بەڵام تا ئێستا بڕیارمان نەداوە لە کام گەڕەکەوە دەست بە دابەشکردنى بکەین.
باسی لەوەشکرد، سەرماى پێنجوێن هۆکار بووە کە هێمن ئیبراهیم، قایمقامى قەزاکە نووسراو بۆ فەرمانگەى کانزا و سووتەمەنییەکان بکات و داواى ئەوە بکات بڕى 200 لیترى دیکەى نەوتى سپى بۆ دانیشتوانى پێنجوێن دابین بکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، نەوتەکە بە هەمان شێوەى پێشووتر، بڕى 200 لیترە و 104 هەزار دینارى لەبەرامبەریدا لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت.
دووپاتی کردەوە، پێنجوێن ناوچەیەکى ساردە و ساڵانە خێزانەکان پێویستیان بە زیاتر لە دوو بەرمیل نەوت هەیە، هەرچەندە مانگێک دەبێت ئەو بڕە نەوتە دابینکراوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى موچە دواکەوتبوو، دابەشکردنى دواکەوت تا خەڵکى بتوانن وەریبگرن.
لە بارەى ئەوەى ئەو کەسانەى تازە هاوسەرگیریان کردووە و مەمەڵەى کارتى سووتەمەنیان کردووە، هاوکار عومەر دەڵێت؛ هەموو ئەوانەى کارتەکانیان پێدراوەتەوە، دەتوانن نەوت وەربگرن.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژى 22.9.2024، وەک قۆناغى یەکەم بڕى 200 لیتر نەوت بەسەر هەر خێزانێکدا دابەشکرا.