دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 2 هەفتە

نەتانیاهو: ناهێڵین دەستی بەچەکی ئەتۆمی بگات

هەرێم نیوز

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنیدا، ئەگەر ئاگربەست پێشێلبکرێت جەنگێکی قورس لە لوبنان دەستپێبکات و راشیگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی رێگری لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە بکات.

بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی14ـی وڵاتەکەى رایگەیاند، رێنمایی سوپای کردووە بۆ دەستپێکردنی شەڕێکی قورس، هەرکاتێک پێویست بێ یاخود هێڵە فراوانەکانی ئاگربەست پێشێلبکرێت.

راشیگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، بۆ ئەمەش هەموو هێزێکی پێویست بەکاردەهێنێت.

ئەم وتانەی نەتانیاهوو لەکاتێکدایە، سوپای لوبنان ئیسرائیلی بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست تۆمەتبارکرد، بەهۆی بەئامانجگرتنی چەند پێگەیەکەوە لە لوبنان و سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، شوێنی هەڵگرتنی موشەکی مەودا مامناوەند بووە.

هاوکات، سوپای ئیسرائیل ئەو هاوکارییانەی راگەیاند کە لە دەروازە سەرەکییەکانەوە دەگەنە غەززە و عەبدوڵا حەلەبی، بەرپرسی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی غەززەش دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە زیاتر لە 800 بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە نێردرابوون، چاوەڕوان بوون بچنە ناو غەززەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP