هەرێم نیوز
سەرۆک کۆماری ئێران ڕایدەگەیەنێت، تاران بەدوای فراوانکردنی مەودای شەڕەکەدا نییە لەگەڵ ئەمریکا و بەرگری لە سنوورەکانی دەکات؛ لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای دەکات کە وڵاتانی ناوچەکە داوای ڕاگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران کردووە.
هەڵوێستی پزشکیان و هێورکردنەوەی گرژییەکان
ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی ئابی ٢٠٢٦، میدیاکانی ئێران لە زاری مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێرانەوە بڵاویان کردەوە، تاران تەنیا بەرگری لە سنوورەکانی خۆی دەکات و بە هیچ شێوەیەک بەدوای فراوانکردنی مەودای شەڕ و ململانێکاندا نییە لەگەڵ ئەمریکا.
لێدوانەکەی پزشکیان لە چوارچێوەی هەڵوێستی فەرمیی ئێراندا دێت کە داوای دانبەخۆداگرتن و کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە دەکات، هاوکات ئامادەییی تەواوی هێزەکانیشی بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک لەسەر سەروەریی وڵاتەکەی دووپات دەکاتەوە.
دانوستانەکانی واشنتۆن و تاران بە نێوەندگیریی دەوڵەتانی کەنداو
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پەیامیدا ڕایگەیاند، وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی قەتەر، سعودیە و ئیمارات پەیوەندییان پێوە کردووە و داوایان کردووە هێرشکردنە سەر ئێران ڕابگیرێت. ترەمپ جەختی کردەوە: "لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆداین و ئەمە دوا دەرفەتە بۆیان، بەڵام هەرگیز نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
لە بەرامبەردا، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بڕوایان بە هێزی خۆیان هەیە بۆ ڕێگریکردن لە ئەمریکا و لە ڕێگەی عومانەوە دانوستان دەکەن بۆ مسۆگەرکردنی تێپەڕینێکی سەلامەت بە ناو گەرووی هورمزدا.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی "ئەسۆشییەتد پرێس"، دانوستانەکان جەخت لەسەر ڕاگرتنی سەرجەم هێرشەکان دەکەنەوە، لەوانەش هێرشی گرووپە چەکدارەکانی ناو عێراق، بەرامبەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بەبێ بەربەست و گەڕانەوە بۆ بنەماکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ١٨ی حوزەیرانی ڕابردوو.