دواین هەواڵ

جیهان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: واشنتن و تاران نزیکن لە ڕێککەوتن لەسەر گەرووی هورمز

هەرێم نیوز 

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن و تاران نزیکن لە گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا و دابینکردنی "ئازادیی هاتوچۆ" لەو رێڕەوە ئاوییە گرنگەدا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 04ی ئابی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "CNBC" رایگەیاند، ئەگەر هەیە ئەمڕۆ  یان سبەی چوارشەممە، ئەمریکا و ئێران بگەینە رێککەوتنێک بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، بە شێوەیەک کە ئازادیی هاتوچۆ بۆ کەشتییە بازرگانییەکان مسۆگەر بکات.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا وتی: "ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکان لە گفتوگۆداین، هەلێکی باش هەیە کە ئەمڕۆ یان سبەی بگەینە رێککەوتن بۆ کردنەوەی گەرووەکە و هەنگاونان بەرەو دۆخێکی ئاساییتر لەم ململانێیەدا."

سەبارەت بەوەی ئایا ئێران رێگەی پێدەدرێت باج لە کەشتییەکان وەربگرێت، بێسێنت جەختی لەوە کردەوە کە رێککەوتنەکە لەسەر بنەمای "ئازادیی هاتوچۆ" دەبێت و گوتی: "هاتوچۆ ئازاد دەبێت، سەرەڕای ئەوەی دۆخەکە لە چەند رۆژی رابردوودا کەمێک ئاڵۆز بووە، بەڵام ئێستاش دەبینین کە ژمارەیەک کەشتی لە گەرووەکە دێنە دەرەوە."

ئەم لێدوانانەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا و هەر جۆرە پەککەوتنێک تێیدا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی جیهان دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP