هەرێم نیوز
ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵا و بە گەرەنتیی وڵاتانی گەرەنتیکار، ڕێککەوتنێکی نوێیان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و کاراکردنەوەی دامەزراوەکان واژۆ کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی 8ـی 2026، بە ئامادەبوونی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و هەریەکە لە سیبان حەمۆ و ئیلهام ئەحمەد، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە چارەسەرکردنی ڕەوشی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و کۆتاییهێنان بە ململانێکان بەڕێوە چوو، کە تێیدا ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی ڕێککەوتنێکی نوێیان واژۆ کرد.
بەپێی بنەماکانی ڕێککەوتنەکە، پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکان بەردەوام دەبێت بە جۆرێک هیچ فەرمانبەر یان سەربازێک لە دەرەوەی خزمەتی دەوڵەت نەمێنێتەوە، هەروەها بڕیار دراوە پێکهاتەیەکی تایبەت بۆ یەکەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆدا لەژێر ناوی "نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" دامەزرێنرێت و ئەندامانی هەسەدە لە کەتیبەکانی چەکی قورس و هەواڵگری بخرێنە سەر میلاکی وەزارەتی بەرگری.
لە تەوەری کۆچبەران و ئاوارەکاندا، ڕێککەوتن کراوە لەسەر گەڕانەوەی خەڵکی سەرێ کانی لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا و ئامادەکردنی گەنجانی عەفرین بۆ گەڕانەوەیان لە چوارچێوەی لیوایەکدا. هاوکات بڕیار دراوە حەجی محمد نەبۆ وەک جێگری فەرماندەی فەیلەقی باکوور بە پلەی عەمید دابمەزرێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕێککەوتنەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە قۆناغی داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر پەروەردە، زمان و چۆنیەتیی چەسپاندنیان لە دەستووردا دەکرێت، لەگەڵ گەرەنتیکردنی پۆستە کوردییەکان بۆ کاراکردنی یاسای ئیدارەی خۆجێیی. هەروەها کار بۆ ئازادکردنی دیلەکان و تۆمارکردنی تەواوی برینداران و شەهیدانی هەسەدە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی برینداران و شەهیداندا دەکرێت.