هەرێم نیوز
لەگەڵ هۆشداری بەردەوامی زیانەکانی سۆشیال میدیا بۆ منداڵان، حکومەتی ئوسترالیا بڕیاریدا، کەسانی خوار تەمەنی 16 ساڵ، لە کۆتایی ئەمساڵەوە چیتر ناتوانن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێن.
ئەم یاسایە لە ئوسترالیا بە ئامانجی تەندروستی دەروونی و خۆشگوزەرانی منداڵان و هەرزەکاران دەرچووە.
ئەگەرچی مشتومڕێکی زۆر لەسەر ئەم یاسایە هەیە، نەیارانی بڕیارەکە دەڵێن یاساکە زۆر بەخێرایی دەرچووە و زۆرێک لە وردەکاریەکانی نەکۆڵیوەتەوە. هەندێک نوێنەرانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە داوای کاتێکی زیاتریان کردبوو بۆ پێداچوونەوە بە یاساکەدا.
یاساکە بەلای هەندێک شرۆڤەکارانەوە سەیرە، چونکە هیچ تاوانێک دیارینەکراوە ئەگەر بێت و ئەم بڕیارە پێشێلبکرێت لەلایەن کەسانی خوار 16 ساڵەوە، نە بۆ منداڵان و نە خێزانیش، لە لایەکی دیکەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش ناتوانن داوای بەڵگەی تەمەن لە خەڵک بکەن.
نیکۆڵ پالفری لە ڕێکخراوی تەندروستی دەروونیش ڕەخنەی گرتووە و ڕایگەیاندووە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سوودی پەیوەندیکردنیان هەیە جگە لە زیانەکانی، دەتوانن سوودی هەبێت بۆ "وەرگرتنی یارمەتی" بە شێوەی ئۆنلاین، بەتایبەت بۆ ئەو منداڵانەی کە لە ناوچە دوورەکانن.