دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 3 هەفتە

کەرکووک؛ ئەمیرێکی کوردی ڕێکخراوی داعـ.ـش و شەش کەسی تر دەستگیرکران

هەرێم نیوز 

وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر بنەمای زانیاری ئاسایشی هەرێمی کوردستان و لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە، ئەمیرێکی کوردی ڕێکخراوی داعـ.ـش و شەش کەسی تر لەکەرکوک دەستگیرکراون. 

عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان/سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە،"دەستگیرکراوەکان بە نهێنی کاریانکردووە و دوای بەدواداچوونی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری دۆزراونەتەوەو دەستگیرکراون."

هەروەها بەپێی ڕاگەیەنراوی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەمیری هەرێمی کوردستانی داعـ.ـش کە لە کەرکوک لەگەڵ شەش کەسی تردا دەستگیرکراوە، ناوی ئازاد شاخییە و لەکاتی دەستگیرکردنیان دا یەکێکیان خۆی تەقاندووەتەوە. 

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێت،"تۆڕە دەستگیرکراوەکەی داعـ.ـش لە کەرکوک پلانی بە ئامانج گرتنی کەسایەتییە ئەمنی و دام و دەزگا حکومییەکانیان هەبووە، لەکاتی دەستگیرکردنیشیاندا نوسراوی نهێنی و بڵاوکراوەی داعـ.ـشیان پێبووە."

سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس لە کەرکوک کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو تۆڕەی داعـ.ـش کە دەستگیرکراون پەیوەندییان هەبووە بەو داعشانەی لە ناوچەی قەرەداغ و ناوچەکانی تری هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا کاری تیرۆرستییان ئەنجامداوە."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، جگە لەو تۆڕە حەوت کەسییەی سەربە داعش، ژمارەیەکی زۆرتر ئەندامی شانە نوستووەکانی داعـ.ـش ئاشکراکراون و دەستگیرکراون.

سەرچاوەکە وتیشی،"شەوی ڕابردوو لە سنوری ناحیەی رەشادی خۆراوای کەرکوک مەفرەزەیەک چەکداری تری داعـ.ـش لەلایەن فڕۆکەوە کراونەتە ئامانج و سەرجەمیان کوژراون."

بە پێی وتەی بەرپرسانی ئەمنی کەرکوک، ئازاد شاخی خەلکی ناوچەی لەتیف ئاوای شۆرجەی کەرکوکە و پێشترێش ناوی لەلای دەزگا ئەمنییەکان هەبووە وەکوو ئەندامێکی کارای رێکخراوی داعـ.ـش.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP