دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10/11/2024

هاتووچۆی سلێمانی: کامێراکانی هاتووچۆ وێنەی ئەو شۆفێرانە دەگرن کە پشتێنی سەلامەتی نابەستن

هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی وێنەی ئەو شۆفێرانەش دەگرن کە مۆبایل بەکاردەهێنن و پشتێنی سەلامەتی نابەستن.

 ئەمڕۆ یەکشەممە 10-11-2024، عەمید ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئێستا کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی سەر رێگای سلێمانی- چەمچەماڵ کارکردن تێیاندا تەواو بووە و ئامادەن، تەنیا چاوەڕوانی لیژنەیەکن لە وەزارەتی ناوخۆوە سەردانیان بکەن و بخرێنەکار.

باسی لەوەشکردەوە، کامێراکان لە رێگەی ئەو لیژنەیەی وەزارەتی ناوخۆ دەخرێنەکار و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێت.

ئاشکراشیکرد، کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی وێنەی ئەو شۆفێرانەش دەگرن کە مۆبایل بەکاردەهێنن و پشتێنی سەلامەتی نابەستن، بەڵام تا ئێستا هیچ سزایەکیان لەسەر دانەناوە و نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

جەختی لەوەشکردەوە، لە سلێمانی تەنیا لە رێگەی مەفرەزەکانەوە لێپێچینەوە دەکەن و سزای ئەو شۆفێرانە دەدەن کە مۆبایل بەکاردەهێنن و پشتێنی سەلامەتی نابەستن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP