هەرێم نیوز
نوری مالكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە بەیاننامەكەی عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەكان دەڵێت "جەنگێك بەرۆكی ناوچەكە و جیهانی گرتووە و مەترسی ئەوە هەیە بەرفراوانبێت و عێراقیش بگرێتەوە و ئیسرائیلیش تاوەكو هەموو ئامانجەكانی نەپێكێت كۆتایی بەم شەڕە ناهێنێت".
مالیکی ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق رۆڵێكی سەرەكی هەیە و دەوڵەتێكی سەركیشە لە ناوچەكە بۆیە "نابێت خۆی بشارێتەوە لەم گۆڕانكاریانە و دەبێت بارودۆخی ناوخۆیی خۆی بپارێزێت وئاسایشی نیشتیمانی خۆی كۆنترۆڵبكات و بەشداربێت لە سەقامگیری بارودۆخی ئەمنی ناوچەكە".
وتیشی "پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا لاوازبووە و هەوڵدەدرێت قەیرانێكی ناوخۆیی بتەقێندرێتەوە و پێكهاتەی دەوڵەت و ئەمن و سەقامگیری بشێوێنرێت و ئەبێت حكومەت و هێزە سیاسیەكان و هۆزەكان و هەموو دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی رۆڵی خۆیان ببینن و ئەركی گەورە و سەرەكیش دەكەوێتە سەر ئەستۆی حكومەت و دەزگاكانی، بەهەمان شێوە گەل و هێزەكانيش بەرپرسیارن".
سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا داواشیكرد، حكومەت و هێزە سیاسیەكان پابەند بن به بەیاننامەكەی سیستانی و گرنگی پێبدەن، ناوبراو باسی لەوەشکرد "ئامانجى سیستانيش ئامادەكردنی دەوڵەتە بۆ بەرپرسیارێتی هەڵگرتن و حكومەت پابەند بێت بە یاسا و بڕیارەكان كە پڕۆسەی سیاسی پێوەی بەندە و هەڵبژاردنی توانا و لێهاتویی و ئەزمونەكان بۆ شوێنی بەرپرسیارێتی، ئەمەش بە واتای ئەوەیە حكومەت پشت بە هیچ پێوەرێكی حزبی و نەتەوەیی و هۆزگەرایەتی و تایفی نەبەستێت و گەندەڵی و بابەتی چەك چارەسەر بكرێت چەكی لەدەستدەرچوو نەمێنێت، بەڵكو هەموو چەكەكان لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتدابن. چونكە چەكی لەدەستدەرچوو دەبێتە مەترسی بۆسەر پڕۆسەی سیاسی و رێگریكردن لە هەموو دەستوەردانێكی دەرەكی لە داڕشتنەوەی ئیدارەى دەوڵەت، ئەمەش بە مانای ئەوە نیە عێراق پەیوەندی دەرەكی نەبێت، بەڵام دەبێت رێز لە ئیرادەی گەلەكەمان بگیرێت و دەستوەردان لە سەروەری وڵاتەكەمان نەكەن.
جەختیشیکردەوە، كە بۆ رووبەڕووبونەوەی "تەحەددیە" ئەمنی و تیرۆریستیەكان پێویسته گرنگی بە هێزە چەكدارەكانمان بدەین لە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و گرنگیەكی چڕ به حەشدی شەعبی بدەین و پاڵپشتی لێبكەین و پڕۆسەی راوودوونانى تیرۆریستان چڕبكرێتەوە كە خۆیان مەڵاسداوە بۆ هەر چ گۆڕانكاریەكی ئەمنی.
وتیشی، "بەوریایی و بەهێزەوە ئاوڕ لە چالاكیەكانی شانەكانی بەعـ.ـسی تاوانبار بدرێتەوە كە هەندێك وڵاتانى هەرێمی و وڵاته گەورەكان گرنگی پێدەدەن و ئەو شانانە چەند ئامڕازێكن بەدەستی دووژمنانی عێراقەوە و زۆر پێویستە شوێنیان بكەون و دەستگیربكرێن".
ئەوەشی خستە روو، داوا لە گەلى عێراق دەكات كە زۆر گرنگە چاودێری ئەو شانانە و جموجۆڵەكانیان بكەن شانبەشانی چاودێریكردنی جموجۆڵی شانە تیـ.ـرۆریستیەكان، هەروەها داواش لە حكومەت دەكەم سنورێك دابنێت بۆ چالاكیەكانیان.