هەرێم نیوز
قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە بەغداد لەگەڵ لیوا (مەجید قلی پور) راوێژكاری سەربازی ئێران كۆبووەوە.
وەكو خۆی دەڵێ، لەم دیدارەدا ئەعرەجی لەگەڵ راوێژكارە ئێرانییەكەدا قسەوباسی كردووە لەبارەی (بەهێزكردنی ئاسایشی سنورو كاراكردنی لێكتێگەیشتنەكانی نێوان هەردوو وڵات بۆ كۆنترۆڵی سنور)و (بەردەوامی هاریكاری لە بواری رووبەڕووبونەوەی تیرۆرو قاچاخچێتیی).
راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە راوێژكارە ئێرانییەكەی وتووە: بە توندی رەتیدەكەینەوە بواری ئاسمانی عێراق بەكاربهێنرێت بۆسەر ئێران یان هەر وڵاتێكی تری ناوچەكە.
بەكارهێنانی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ وەشاندنی چەند گورزێكی سەربازیی لە ئێران، بەمدواییە مشتومڕی لەناو گروپە شیعەكانی عێراق دروستكردو ئەمریكایان لەم كارە بە بەرپرس زانی.
ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی 26ـى تشرینی یەکەمی 2024، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، بۆ هێرشکردنەسەر ئێران، ئاسمانی عێراقیان بەکارهێنا.
بەکارهێنانى ئاسمانى عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، کاردانەوەى هێز و لایەنە سیاسییەکانى عێراقى لێکەوتەوە و هەوڵ هەیە وەزیرى بەرگرى و فەرماندەى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بانگهێشتى ئەنجوومەنى نوێنەران بکرێن بۆ گفتوگۆکردن لەو بارەیەوە.