هەرێم نیوز
وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستەکەی وەرگرتووە دەڵێت، نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی ڕادەستی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردووە، بەڵام دەست لەکارکێشانەوەی ناکاتە ئەوەی بڕواتە ماڵەوەو دەبێت چاوەڕێی ڕێوشوێنە ئیدارییەکان بکات.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دوای ڕاگەیەنراوەکەی گۆڕان بۆ کشانەوە لە حکومەت نوسراوی دەست لەکارکێشانەوەم ڕادەستی سەرۆکی حکومەت کرد، بەڵام دەست لەکارکێشانەوە ناکاتە ئەوەی بچیتەوە ماڵەوە، بەڵکو دەبێت دەورەو تەسلیم بکەیت و کەسێک بێتە جێگەکەت ئیش و کارەکان ڕایی بکات."
دەشڵێت،"وەزارەتی دارایی گرێدراوە بە ژیانی خەڵکەوەو ناچم کێشە بۆ ژیانی خەڵک دروست بکەم، ناشکرێت بە بێ وەرگرتنی ئەستۆپاکی وەزارەت جێبهێڵرێت."
بزووتنەوەی گۆڕان بەماوەیەکی کەم پێش هەڵبژاردن لە 15ی 10ی 2024، دوای نزیکەی شەش ساڵ مانەوە لە حکومەت، کشانەوەی خۆی لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێیی ڕاگەیاند.
بەڵام سەرەڕای ئەم هەنگاوەش، بزووتنەوەکە لە هەڵبژاردندا تەنیا یەک کورسی بەدەستهێنا و ڕێژەی دەنگدەرانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
جێی ئاماژەیە، لە ئێستادا بزووتنەوەی گۆڕان بووە بە دوو باڵ، باڵێکی لە گردەکە جیابووەتەوە و لە گەڕەکی کوردساتی سلێمانی بنکەی داناوە و دانا ئەحمەد مەجید وەک ڕێکخەری بزووتنەوەکە دەناسن و باڵەکەی تریش کوڕانی نەوشیروان مستەفا سەرپەرشتیان دەکات و لە گردەکە ماون.