هەرێم نیوز
سەرچاوەیەکی ئاگادار، رایدەگەیەنێت، به تۆمهتى لهیهكچوونى دەنگی لەگەڵ ئەو دهنگه دزەپێکراوانهدا کە بەم دواییانە بڵاوبوونەتەوە سەبارەت بە وەرگرتنی بەرتیل، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی دهستهى دەستپاکی عێراق، دهرچوو .
ئەمڕۆ سێشەممە، میدیای عێراق بڵاویکردەوە کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی بە وەکالەت دەرچووە.
هۆکاری فەرمانەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستی ئەو تۆمارە دەنگییە دەگەڕێتەوە کە دەگوترێت حەیدەر حەنونە و تێیدا باس لەوە دەکات کە بەرتیلی وەرگرتووە.
پێشتر حەنون ڕایگەیاندبوو کە بە هۆی بەدواداچوونەکانی بۆ دۆسیەی گەندەڵی دەکرێتە ئامانج و ئەو تۆمەتانەشی کە ئاڕاستەی دەکرێن، ڕەتدەکاتەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێكی ناوەندیی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، كە لە ڕۆژنامەی (سەباح) لە 12ی ئەیلوولی 2024 بڵاو كراوەتەوە، سەرۆکی داواکاری گشتی داوای لە دادگای لێکۆڵینەوەی سێیەمی کەرخ كردووە، لێکۆڵینەوە لەو تۆمارە دەنگییەی حەنوون دەست پێكەن کە تاوانی وەرگرتنی بەرتیل لەخۆ دەگرێت، بەڵام تاوەكوو ئێستا هیچ زانیارییەك سەبارەت بە راستی و دروستیی ئەو تۆمارە دەنگییە بڵاو نەكراوەتەوە.
جێی باسە، لە تۆمارەکەدا، باس لە وەرگرتنى 1.6 ترلیۆن دینار و ئۆتۆمبێلێکى کادیلاک دەکرێت.