دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 پێش 2 هەفتە

یەک دەرزی بەرگی بووکێنیش دەدورێت و کفنیش دەدورێت.

هێمن عەبدولقادر

.................
لە مالێکدا لە دایک دەبیت ، بەیانیان کە هەڵدەستیت ، نە گۆرەوی دیارە ، نە سەرئاو بەردەکەوێت ، منداڵ ڕیزی گرتووە دەچن بۆ قوتابخانە ، یەکێک دەفتەری وانەکانی گەشتۆتە کۆتا لاپەڕە و داوای دەفتەری نوێ ئەکات ، نە گیرفان و جێوی باوک دینارێکی تێدایە، گەدەی مرۆڤ لەم خێزانانەدا ئەوەندە بەتاڵە ، زۆرجار لەبری خواردن ، بە حەسرەت و داغ تێر ئەکرێت.
کچ گەورە بووە و باوک ناچارە وەک چۆن ڕۆژانە لەسەر عەرەبانەکەی هاوار سەوزە و میوەدەکات ، هاوار بکات بۆ ئەوەی کچ بچێتە ماڵی خۆی ، کوڕ گەورە بووە و هەموو گیانی لە زەرەردایە ، باوک ناچارە ئەوەی تیایدا خەرج کردووە ، لە پێشانگای ژیاندا وەک ئوتومبێل بەشتێک زەرەر دەستبەرداری بێت.
...................

بەم دۆخەشەوە مرۆڤ هەندێکجار ڕازیی و قادێیە ، لە قەراغی شار لە ژێر چینکۆ و لەوح و هەیکەلی تەواو نەکراودا بژی و بڕێک ئارامی بەدەست بهێنن ، لێ یاسا و قەرەوڵ ، کۆمپانیا و ئەندازیار ، مشار و بەرزکەرەوە ، کۆنکرێت و کەڵەکیم ، خشت و بلۆکی تەماعکاری سەرمایەدار و پارەدارەکان ناهێڵن ، مرۆڤ وەک (سەگێک)یش چەند ڕۆژێک ، خەوێکی باش ببینێت.

دەڵێن منداڵە دڵخۆشەکانی ئەمڕۆ ، مرۆڤە دڵتەنگەکانی سبەینێن، جیاوازییەکەیان رەنگە تەنها ڕەنگی جلەکان بێت ، ئەگینا هەردووکیان لە یەک دەزوو و یەک کارگە کڵافەکەیان بادەدرێن ، ئەوەی ئەمڕۆ بە هۆکاری شادی دەزانیت ڕەنگە سبەی ببێتە هۆی بەدبەختیت.
چەند ئەلبوومی یادگاری بەتاسوقەوە چاپکران و دواتر بەڕقەوە سوتێنران ، چەند کۆڵان و کوچە و ماڵ ، لەسەر خواست و بوردە ڕەنگی کاشیەکانیان هەڵبژێردران و دواتر هاتوچۆش پیایدا دڵی مرۆڤیان تەنگ دەکرد.
................

مرۆڤ کاتێک ناتوانێت وەک داربەڕوویەکی بەهێز ڕەگ و چنگ بەزەوی ژیاندا بکات ، لاوازترین ڕەشەبا وەک کاغەزی چپس ئەیکات بەهەوادا.
ئاخر مرۆڤ ڕەنگە بەرگەی چێشتی سارد و سفرەی هەژارانە بگرێت ، بەڵام ئەستەمە بەرگەی پەیوەندی سارد، ژیانی سارد بگرێت.
ژیان لە یەک کاتدا هەردووکیان پێدەکات ، سەما و هەلەکە ، گرێوان و زاری ، کفن و بەرگی بوکێنی ، ورد ورد دەیدورێت
لەڕاستیدا هەموو خیزانێک بەدبەختی خۆی هەیە ، هەروەک تۆڵستۆی لەسەرەتای ڕۆمانی (ئانا کارنینا)دا باسی دەکات ، بەڵام بەدبەختی گەورە ئەوەیە لەناو خیزانە بەد بەختەکاندا ، هەر کەسەو بەدبەختیەکی تایبەت بەخۆی هەیە ، کە لە هی ئەندامانی خێزانەکەش ناچێت.
................................................

*فیلمی (نگهبان شب - پاسەوانی شەو) گەورە دەرهێنەری ئێرانی (رەزا میر کەریمی) کاری تیاکردووە ، پاڵێوراوە بۆ نوێنەرایەتی کردن لە خەڵاتی ئۆسکار یەکێکە لە شاکارەکانی سینەما ، چیرۆکی فیلمەکە زۆر سادەیە ، رەنگە بینەری ئاسایی تووشی ئەوە بکات کات کوشتنە ، لێ ئەوانەی کە لەناو دۆزەخی ژیان و خێزاندا گوزەراندوویانە یان مامەلەیان لەگەڵ کارەکانی خێزاندایە ، قوڵبوونەوەیەکی ورد بێت بۆ حالەتەکانی (خۆکوشتن ، جیابوونەوە ، هەژاری ، چاوچنۆکی و تەماعی دەوەڵەمەند و خەمخۆری باوک و دڵسۆزی دایک و بەدبەختی ئەندامەکانی تری خێزان)

** (میر کەریمی) دەرهێنەر چەند جارێک ، گفتوگۆی نێوان ئەکتەری سەرەکی و سەگێکمان نیشان دەدات ، وەک دەڵێن (سەگەکان تاکە بوونەوەرن کە مرۆڤیان لە خۆیان خۆشتر دەوێت) ئەوان پێکەوە دەردە دڵ دەکەن ، تا بەهەمووان بڵێت ئەوانەی ئاژەڵ سروشت تەنهایی دەلاوێننەوە ئەوانەن کە لە مرۆڤایەتی و ژیان نائومێد دەبن ، دەیانەوێت لە رێگەی چاک بوون لەگەڵ سروشتدا چاکەی خۆیان دووبارە پەخش بکەنەوە. تەنها ئەوانیش کە لە زمان و ئازاری یەکتری تێدەگەن.

***چیرۆکی فیلمەکە بۆ کەس نەنوسراوە و کەچی گفتوگۆ لەگەڵ ژیانی هەموومان دەکات. چونکە دەرزییەکە وا خەریکی دوورینی کفن و بەرگی بوکێنیە بۆ هەر یەکێکمان.

****ئەڵێن هەموو خورمایەک ناوکێکی تیایە ، کە ڕاز و نهێنی دارخورمای تێدا شاراوەتەوە ، ئەو ناوکە ئەگەر ڕۆژێک بدوێ پێت دەڵێت چۆن گەورە بووە؟ چۆن بڕیویانەتەوە؟ چەندێک تیونیان کردووە ؟ لە کوێ ناچار بووە شیرین بێت سەرەرای سەختی خاکەکەی ، هەموو مرۆڤێک وەک خورما هەزاران ناوکی تێدایە ، کە کەس نایدوێنێت تا چیرۆکی کفن و بوکێنی خۆی بگێڕێتەوە.

(حیسابی ڕۆژی مەحشەر گەر لەسەر داغ و ئەسەف بکرێ
ڕەقیب ئەمرێ لەداخا ، ئەزانێ ، کەمن، کەم نابەم)

حسابی نێوان کفن و بەرگی بوکێنی و دەرزی ژیان بکرێ ، ناچار دەبێت هەموومان بێدەنگ بین ، چونکە کەسمان کەممان نەبردووە و نەچەشتووە لەم دەرد و ئازارانە.
نوقتە سەری دێڕ ....



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP