دواین هەواڵ

کلتور‌

 پێش 2 هەفتە

فەلسەفە و بەنامۆبوون

چراخان حەمە عزیز:
(فەلسەفە تا شتێکت پێ نەبەخشێت شتێکت لێ ناستێنێت)

وەک ئاشکرایە پرسی نامۆبوون، یەکێکە لە پرسە کێشە هێنەر و کێشە بەسەرەکان، چونکە لە دۆخی نامۆبووندا مرۆڤ ڕێگا حەقیقی و ڕێگا دروستەکانیان لێ دەشێوێت و بە پرس و بابەتەکان نامۆ دەکرێت و لە تەک ئەوەشدا لە نامۆیی و پرس و بابەتەکانەوە بە خۆشی نامۆ دەکرێت، لەوێوە ئازایەتی و خۆیەتی و بوێری لەدەست دەدات و خۆی ڕادەستی بابەتە نامۆییەکان دەکات.

فەلسەفەش بە جۆرێ لە جۆرەکان دەرباز بوونە لەو نامۆبوونە، بەڵام گەر فەلسەفە نەتوانێت بابەتەکان لە نامۆییەوە بگۆڕێت بۆ ئاشنابوون، ئەوا لەو دۆخەدا خۆشی بە نامۆ دەکرێت. هەرچەندە “هیگڵ” دەیگوت: بۆ ئەوەی فەلسەفە سەرهەڵبدات، پێویستە ئازادی هەبێت. کاتێکیش مرۆڤی نامۆ دەڕوانێتە فەلسەفە، هاوکات نامۆ دەڕوانێتە خۆی و ژیان و بیرکردنەووە و نوێ بونەوە و ڕەخنەگرتن و پرسیارکردن و مۆڕاڵ و پەروەردە و هتد. چونکە، ئەو تێگەیشتنێکی خودی بۆ فەلسەفە نییە، بەڵکوو تەنیا ئاراستەکراووە کە دەبێت بەم چەشنە بێت کە ئەوانی دیکە بۆیان خواستوە و بۆی دەخوازن. بەو واتایەیی تەنیا بیرکردنەوە کۆنەکان نوێ دەکاتەووە و دەیانهێڵێتەوە پەرە بە دوبارەکان دەدا. کەواتە لەوێوە خولانەوەک بە دەوری بازنەیەکدا دێنە ئاراوە، بۆیە دوبارەبوونەوەی دوبارەکان دوبارە دەبنەوە.

کاتێک فەلسەفە ئەو بابەتانە وەک لقێک لە خۆی دەکاتەوە و دەیانخاتە ناخی تاک و کۆمەڵگە، ئەوا فەلسەفە دەبێتە پێشەنگ و لە نامۆیی بووندا دەرناکەوێت، بەڵکوو خۆی وەک ڕزگارکار و ڕێنیشانداری ئەو بابەتانە دەردەخات.
فەلسەفە لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوە دایە لە پێناو داڕشتنەوە و بنیادنانی ئەو پرسانەی کە بێ بایەخ کراون، بەڵام کاتێک فەلسەفە بێ ڕۆڵ دەکرێت، ئەوا ئاڕاستەی جیاواز جیاواز دێنە کایەوە و ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن و خۆیان وەک تاکە سەرچاوەی زانین و فریاد ڕەس و ڕزگارکاری تاک دەردەخەن.

جا دەشێ ئاڕاستەکردنەکە ئاڕاستەی (سیاسی و پەروەردەیی)و… هتد، بن. کەواتە ئەو بیرێکی نوێ دروست ناکات، بەڵکوو لە نێو ئەو ئاڕاستانەدا بیرکردنەوەکانی خۆی نوێ دەبنەوە.

دەتوانین بڵێین فەلسەفە پرسێکی فراوانە و خۆی لە نێو هەموو پرس و بابەتێکدا دەدۆزێتەوە و بەژداریپێکردن و ڕۆڵبینینییەتی تیایدا لە نێوان پرسیار و ڕەخنەکانیدا وەڵام و قبوڵکردن دەنەخشێنێت.

دەشێ فەلسەفە ئاسانکاری بێت، بەڵام مەبەست لە ئاسانکاری نەمانی ئاڵۆزی نییە، بەڵکوو ئاسانکاری بۆ ئاڵۆزییەکان پێییە.”سینیکا لە کتێبی دڵنەواییەکانی فەلسەفە” دا، دەیگوت‌: (ئەرکی فەلسەفە ئەوەیە ئاسانکاریمان بۆ بکات تا ئارەزووەکانمان بەنەرمی بتوانن بەسەر دیواری سەختی واقیعدا سەرکەون). بەڵام گریمان فەلسەفە ناتوانێت ئاسانکاریش بخوڵقێنێت، بەڵام لانی کەم ڕوانینێکی پۆزەتیڤانەت بۆ دێنێتە ئاراوە. گەر فەلسەفە ڕێگری نەکات لەو شتانەی کە ناتەوێت لانیکەم وات لێدەکات نەکەویتە ژێر باریان و نەیان سەپێنی بەسەر خۆتدا. فەلسەفە تا پێت نەبەخشێت، لێت ناستێنێت. وەک زانراویشە ئەوەی دەمانبێت باشتر دەبێت لەوەی کە نەمانبێت.‎
‎سۆکرات” دەیگوت: (تا ڕوح لەجەستەماندا بمێنێت دەستبەرداری زانین نابم و دەست لەوەش هەڵناگرم تا ئەو شتەتان بۆ ڕوون نەکەمەوە کە دەبێت بیزانن)

سەرەتا و دەستپێکی زانین خەمناکە، چونکە دەستپێکی بەخشەری نابێت بۆت. بەڵکوو، ئەو شتانەی وەک زانین پێت بەخشراون و کراون بە یاسا و سەپێنراون بەسەرتا دەستێنێت و لە ڕێییەوە هەوڵ و ئامانجێکت بۆ دەخوڵقێنێت و ئازایەتیەکت بۆ دێنێتە کایەوە کە خواست و ئارەزووی زانینت بۆ دروست بکات.

فەلسەفە درککردنی نەزانییە. درکردنیش لە خۆیدا لە ڕێی زانینەوە دێنە بوون یاخود بە جۆرێ لە جۆرەکان دەشێ یادهێنانەوەی زانین بێت وەک ئەوەی “ئەفڵاتون” گوتبووی تەنیا پێویستمان بە یادهێنانەوەیە بۆی.
‎”ئۆشۆ” گوتبووی: (کۆمەڵگا پێویستی بەزیرەکی نیە! لە ڕاستیدا کۆمەڵگا لە زیرەکی زۆر دەترسێت)

زیرەکی پرسێکی کێشە هێنەر و کێشە بەسەرە کاتێک زیرەکی وەک پرسێکی گرنگ و پەیڕەویلێکراو لە نێو ئەو کۆمەڵگەیەدا نابینرێت، کاتێک ڕێژەی کەمینە زیرەکی هەیە بۆیە وەک بابەتێکی نامۆ لێدەڕوانرێت دەشێ کەمینە بە بەردەوامی وەک پرسێکی نامۆ و نا ئاشنا بە دیاربخرێت. بۆیە ئەو نامۆیە ڕێگایی لە نێوبردنی بۆ واڵا دەکرێت لە لایەن زۆرینەوە، فەلسەفەش لە کەمینەدا هێڵڕاوەتەوە، بەڵام لە ناخی هەر تاکێکدا بوونێکی هەیە. زیرەکی و زانینیش بەمانا دروستەکەی بریتییە لە لەدەستنەدانی بەها مرۆیی و ئاکارییەکان، نەوەک تەنیا لەسەر پرەنسیپی زانیاری کۆکردنەوە بێت.

‎بێرتراند راسڵ” دەیگوت: (تەنیا لەڕێگەی پێداویستییەکانی ئەقڵەوە دەتوانین بەهای فەلسەفە بدۆزینەوە، ئەوانەی کە تەنیا گرنگی بە لایەنی ماددی نادەن دەتوانن لەوە تێبگەن کە خوێندنی فەلسەفە کات بەفیرۆدان نییە) ئەوەی بە ئەقڵ پێی دەگەین، ئەستەم دەمانخاتە نێو گومانەوە، ئەقڵ گومان دروست دەکات، هەر ئەقڵیشە گومان دەرەوێنێتەوە. ئەقڵ لە نێو خانەی گومانەوە زیاتر گەشە دەکات. بەکارهێنانی شتێک پێت دەڵێت؛ کە تا چەند شایانی بەکارهێنانە. فەلسەفە دەیەوێت خۆت بڕیاری دروست و نا دروست بدەیت نەوەک لایەنێک و کۆمەڵێک بڕیارت بۆ بدەن.

‎لەکتێبی ترسان لەفەلسەفەش “ڕێبوار سیوەیلی” دەیگوت: هەر بیرکەرەوەیەک بۆی هەیە دۆستی فەلسەفە بێت، ترسان لەفەلسەفە وەک ترس لە هەرشتێکی دیکە نییە، چونکە ترسان لە فەلسەفە ڕاستەوخۆ ڕێگرە لەبەردەم هزری ئازاد و پوکێنەرەوەی ئازادی بەگشتی و ئازادی بیرکردنەوە بەتایبەتی، ئەوە ڕاستە کە هەموو جۆرەکانی ترس زیان بەبیرکردنەوەی ئازاد دەگەیەنن فەلسەفەش بێ بیرکردنەوەی ئازاد ئەستەمە، بەلام هێشتاش ترسان لە فەلسەفە مەترسیدارترە لەهەرشتێکی دیکە. ترسان لە فەلسەفە ترسانی خودێکە کە نەتوانێت بەشێوەیەکی ئازاد بیربکاتەوە، ترسان لەفەلسەفە هەم بکوژی بیرکردنەوە و بکوژی خود و فەلسەفەیە. بیرکردنەوە بەو ماناییە نا تەواوی ژیانت بە بیرکردنەوە بەسەر ببەیت، بەڵکوو بەو مانایەیی کاتێک بیردەکەیەوە هەست بەوە بکەیت کە توانایی سەرهەڵدانی بیرێکی نوێ تر و باشترت هەیە.

فەلسەفە دەیەوێت خۆشەویستانە و خودیانە بۆ ژیان بڕوانی. بۆیە ئاساییە فەلسەفە وەک بابەت و پرسێکی نامۆ لێبڕوانرێت، چونکە وەک ئەوەی لەسەرەوەدا باسمان کردن فەلسەفە ئامانجی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و گەڕانەوەیە بۆ خود و نەمانی نامۆییە، بەڵام گەر بابەت و پرسەکان نامۆ بکرێت مرۆڤ هەست بە نامۆبوونی خۆی دەکات و نامۆیی خۆی دەبینێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP