هەرێم نیوز
ڕابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە دووری نازانێت لە ڕۆژانی داهاتوودا "پریشکی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگاتە عێراق و کاریگەری دروستبکات و ببێتە مایەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان."
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕایگەیاندووە،" هەتا ئێستا ئاراستەی کارەکانی کۆمسیۆن بەشێوەیەکی باش بەڕێوە دەڕوات، بەڵام بەهۆی ئەوەی کوردستان پەیوەندی بەعێراقەوە هەیە و عێراقیش پەیوەندی بەو کێشە گەورەوە هەیە کە ماوەی یانزە مانگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، بۆیە ئەگەرێکی زۆر هەیە کەوا ئەو کێشەیە لەم چەند ڕۆژە بەفراوان ببێت و عێراق و سوریا و لوبنانیش بگڕێتەوە."
ئاماژەی بەوەش کردووە،" ئەو ئاڵۆزییە ئەوکاتەی عێراق دەگرێتەوە ئەوە بە دڵنیایەوە لە کەشێکی ناسالم و ناسازگاردا هەڵبژاردن ناکرێت و دوا دەکەوێت."
ئەم قسانەی رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان لەکاتێکدایە، گرژی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە ڕۆژی هەینی 27 ی مانگی نۆی 2024 پەرەی سەند کاتێک ئیسرائیل هێرشێکی بەهێزی بۆ سەر بارەگای سەرەکی حیزبوڵا ئەنجامدا، حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتی حیزبوڵاو ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەو حزبە لە هێرشەکەدا کوژران، بە خوێندنەوەی چاودێران ئەگەر هەیە عێراقیش پەلکێشی نێوان شەڕو ئاڵۆزیەکان بکرێت و و هەرێمی کوردستانیش پریشکی بەر بکەوێت و بێتە هۆکاری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی 20ـی 10ی 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی عێراق بەڕێوە دەچێت.