دواین هەواڵ

کلتور‌

 21/09/2024

کفن لە نێوان تەکنیک و ئایدۆلۆژیادا

حەیدەر عەبدولرەحمان

ئەم ئێوارەیە، لەڕۆژی دووەمی نمایشی فیلمی (کفن) دەرهێنانی سروشت عەبە ڕەش ئامادەبووم،

فیلمێک بینەرێکی زۆری لەگەڵ خۆیدا ڕاکێشی هۆڵەکانی سینەما کردو لە شارەکانی سلێمانی و هەولێرو بەغدا، جێگەی دانیشتنی بۆ بینەر نەهێشتەوە.

بەر لەوەی خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ فیلمەکە بکەین، دەبێ بەگشتی ڕەچاوی سێ خاڵی گرنگی ئەمڕۆی سینەمای کوردی بکەین:

یەکەم : دەرهێنەرە سینەماییەکانی ئێمە ئێستا بە عەقلێکی بازرگانی کراوەتر کار دەکەن،، لە دەسپێکی هەر پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی فیلم، نەخشەو پلانێکی تۆکمە بۆ فۆرم و ناوەرۆکی فیلمەکان دادەنێن، لە ژێر ڕۆشنایی پێشبینیەکانیان بۆ بڕی بینەرو و ئاستی بازاڕ کار دەکەن.
لەبەر ئەوەی فاکتەری ئابووری گرنگترین و بەهادارترین خاڵی جەوهەرییە بۆ بەردەوام بوونی ڕەگەزی بەرهەمهێنانی فیلم.
جگە لەوەی بەدەست هێنانی داهات بەهێزترین فاکتەرێکە بۆ هاندانی سینەماکارەکان و ئایندەی سینەما لە کوردستاندا.
هەروەها داهاتی باش ، دەبێتە مایەی کۆکردنەوەی سەرمایەو گەشەی هونەری سینەما لە کوردستاندا.

دووەم: متمانە بۆ بینەر دەگێڕێتەوە، ئەو بینەرەی کە لە ساڵانی ڕابووردووداو لە ئەنجامی بەرهەمهێنانی فیلمی لاواز هیچ متمانەیەکی بە سینەما نەمابوو.، ئێستا هەمان ئەو بینەرانەن ، هۆڵی سینەماکان پڕ دەکەن و بە پارەیەکی زۆر پلیتی بینینی فیلمێکیان بە سەختی دەست دەکەوێت.
بێگومان ئەو پێشوازی لێکردنەی سینەمای کوردی، هۆکارەکەی ببەرەو پێشەوە چوونی ئاستی فیلمی کوردیە بە گشتی.
خاڵێکی بنەڕەتی دیکەی گەرم بوونی بازاڕی سینەما، هانی زێتری سەرمایەدارەکان دەدا، بایەخ بە دروست کردنی هۆڵی سینەماو بازرگانی سینەما بدەن.

سێیەم: هوشیاری و کولتووری سینەما گەشە پئ دەدا، کە کۆمەڵگای کوردیش بە دیدێکی شارستانی هەڵس و کەوت لەگەڵ سینەمادا بکاو سینەما بە زەرورەتێکی گرنگی ژیانی ڕۆژانەی خۆی بزانێ.
قۆناغێکی نوێ بۆ سەرهەڵدانەوەی سینەما
بەو چەند بەرهەمانەی دوایی دەردەکەوێت، کەسینەمای کوردی قۆناغە باوەکەی خۆی تێپەڕاند کە بۆ بەرهەمهێنانی فیلم پشت بە حکومەت ببەستێ، بەڵکو ئێستا بەهەمان فۆرمی بەرهەمهێنانی سینەما لە جیهاندا پشت بەکەرتی تایبەتی دەبەستێت، کەرتی تایبەتیش بەر لە هەموو شتێ ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات و هەوڵی زامن کردنی سەرکەوتن دەدات لەو فیلمانەدا.
جگە لەوەش ئاراستەی ئێستای بەرهەمهێنانی فیلمەکان وەک جاران تەنیا ڕوو لە فیستیڤاڵە جیهانیەکان نیە کە هیچ کاریگەرییەکیان بۆ پیشەسازی سینەما بەجێ نەدەهێشت لە کوردستان، بەڵکو ئێستا ئاراستەکە بەرەو بازاڕە کە ئایندەی سینەمای کوردی لەسەر وەستاوە.

بە گوێرەی فیلمی کفن، کە فیلمێکی درێژی ترسە، من خۆم بۆ یەکەم جارمە فیلمێکی کوردی بە ستایلی ترس ببینم ، پێشم وایە فۆرمێکی نوێیە لە سینەمای کوردیدا،

لەبەر دوو هۆکار :

لەپاڵ ئەو هونەرەی دەرهێنەر بەتەکنیکی سینەمایی بەرجەستەی دەکات، بۆ دروست کردنی چەند حاڵەتێکی دەروونی ، بە نیشاندانی شووشتنی مردوو، بە دەرکەوتنی تارمایی جنۆکە، بە دەرکەوتنی لە ناکاوی ئەو تارماییانەو دیارنەمانی لە ناکاویان، دەرخستنی دەم و چاوی ترسناک و شێوێنراو، هێنانە دەرەوەی تەرمی مردوو لە شەوداو زۆر دیمەنی ترسناکی دەروونی، ئاسەوارێکی نەرێنی لەڕووی سایکۆلۆژیەوە بۆ بینەر بەجێ دێڵێ، بە تایبەت بۆ ئافرەت کە خۆڕاگری بەرامبەر ترس کەمترە..

هەموو ئەو دیمەنە ترسناکانە لە پەنای چوونە ژوورەوەی دنیای جنەکان و دەرخستنی نهێنیەکانیان لەگەڵ مرۆڤدا.

کرۆکی بنەڕەتی و ئامانجی سەرەکی ئەوەیە فیلمەکە پێمان بڵێ کە لە زەمەنی عەولەمەو تەکنەلۆژیای ئەمڕۆکە تا ئێستاش پرسی جادوو نوشتەکاری هەر باوەو ئاگاتان لەوە نیە جنەکان لەناو ماڵتان دەژین و ژیانتان وێران دەکەن.
پئ دەچێ بینەری کورد، لاری نەبێت لە وەرگرتنی دیمەنە ترسناکەکان و وەرگرتنی خیتابی فیلمەکە، بە نیشانەی ئەو پێشوازیە گەرمەی لە فیلمەکەی دەکا.

لێرەدا پرسیاری ئەوەم بۆ دروست دەبێت، ئاخۆ هۆکارەکانی وەرگرتنی بینەر چین؟

بەلای منەوە دوو هۆکاری سەرەکی هەن:

1.ئەو تەکنیک و ستایلە سینەماییە چڕەی دەرهێنەر بۆ بەرجەستە کردنی دیمەنە ترسناکەکان بەکاری هێناوە، تەکنیکێکی مەقبولە لای بینەر، وێڕای هەموو دەرهاوێشتە نەرێنی و ئەرێنیەکان.

2.بابەتی فیلمەکە بابەتێکی نوێیە بۆ بینەری کورد، ڕەنگە تا ئێستا ئەو بابەتە بەدەگمەن لە سینەمای کوردی خرابێتە ڕوو، ئەگەرچی لە سینەمای تورکی و جیهانیدا زۆرە.

جێگەی سوپرایزە ((سروشت) بۆ بینەری کوردو سینەمای کوردی ناوێکی نوێیە، بەڵام ئەو ئەزموونەی نیشانی داین دەیسەلمێنێ کە داهێنان بەساڵانی ئەزموونی دوورو درێژ نیە، بەڵکو بە توانست و لێهاتوویی مرۆڤە لەگەڵ پیشەکەی خۆیدا...لەوانەش لەگەڵ سینەمادا.

ئێستاش ئەگەر بمانەوێت شڕۆڤەیەکی لۆژیکی بۆ فیلمەکە بکەین، ئەوە دەبێت لە دوو جەمسەرەوە بۆی بچین.

لە یەکەم دا جەمسەردا کە لایەنی هونەرییە:

دەرهێنەر بۆ دروست کردنی ئەو ئەتۆسفیرە ترسناکانە، هەموو ئامرازە تەکنیکیەکانی خۆی بەکارهێناوە ، لەوانە ریتم و موزیک و کاریگەریەکانی دەنگ و ڕووناکی، ماسک و ئارایشت و دیکۆر، جگە لە دەرخستنی ڕیتمی بزووتنەوەی کامێراو گۆڕینی گۆشەکانی بە خێرایی بە مەبەستی بەهاوسەنگ ڕاگرتنی ڕیتمی دیمەنەکان.

لەهەموو حاڵەتێکا فۆرمی ترس لە سینەمای کوردی دا فۆرمێکی باو نیە و ( سروشت عەبەڕەش) لە شێوەدا بەرگێکی نوێ ی لەبەر کردووە،، بەڵام لە ناوەرۆکدا شتێکی ترە
لەجەمسەری دووەمدا و لە لایەنە ئایدۆلۆژییەکەوە دەڵێین:

ئەوەی کە فڕوفێڵی ڕووناکی و ڕیتمی موزیک و ئارایشت نایشارێتەوە ئەوەیە کە فیلمەکە ئامانجی دەرخستنی، دیاردەیەکی خەتەرناکی دەروونیە، بە دروست کردنی نوشتەو جادووە لەناو کۆمەڵگای کوردی، کە دەبێتە هۆی ماڵ وێرانی بۆ سەدان تاکی ئەو کۆمەڵگایە

لێرەو، دەبێت دەرهێنەر ئاگای لەوە بێت، لە ڕێگەی گوتاری ئەو فیلمە وا دەکات خەڵکانێک بۆ هەڵڕشتنی مەرامە ژەهراویەکانیان زێتر متمانە بە نوشتەو جادوو پەیدا دەکەن بۆ تۆڵەسەندنەوە لە یەکترو فیلمەکە هاندەر دەبێت بۆ پەرەسەندنی دیاردەکە نەک ڕێگری لێ کردنی.

چونکە فیلمەکە لە دیمەنێکی لاوازی حکومەتدا دەری خست کە یاساو دەسەڵات هیچیان پئ نیە بۆ ڕێگری کردن.

خاڵی دووەمی ناوازەیی لەوە دایە کە ناکرێت گەنجێکی وەک هیوا کە نوێنەرایەتی نەوەیەکی نو ێی کۆمەڵگا دەکات، کارلەسەر دروست کردنی نوشتەوجادو بکات دژی پورزایەکی خۆی.

دەرهێنەر دەسەڵاتێکی گەورەی نیشان داوە لەدروست کردنی ترس و لەم سوچەوەش چێژێکی زۆری بە بینەر بەخشیووە، بەڵام چارەسەرکردنی ئایدۆلۆژی و فەلسەفی لە ئاست توانستە تەکنیکیەکەدا نەبووە....ئەو لە ئاکامدا بە بینەر دەڵێ هەر کات گیرودەی ڕووداوی نوشتەو جادوو بوون، پەنا ببەن بۆ مەلاو شێخەکان،

دەرهێنەر لەکۆتایی فیلمەکە ئەو گوتارە بە ڕێگا چارەی کۆتایی دا دەنێ بۆ کێشەکە، کە بێ شک ڕێگە چارەیەکی شارستانی نیە بۆ کێشەکە، کە چارەنووسی نەخۆشیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی ڕادەستی چەند مەلاو شێخێکی جادوکار بکەیت و هیچ ئەلتەرناتیفێکی نەدەیتێ ئەوان نەبێت،

لە کۆتاییدا سینەما خیتابی کۆتایی خۆی دەگەیەنێت بەڵام ئەگەر خیتابی دەرهێنەری فیلمی کفن لەو سەردەمە پێشکەوتووەی دنیادا گەڕانەوە بێت بۆ جادوکەرەکان، ئەوە دیارە بێ دەسەڵات بووە لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەسەرێکی لۆژیکی و لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە شکست دێنێ.

ئەکتەرەکانی کفن کۆمەڵێ ئەکتتەری بژاردەو پڕ توانابوون لە بەرجەستە کردنی کاراکتەرەکانیان، بەتایبەت چریکە عەبەڕەش، کە لەنواندن و ئەدای بەهێزی، ڕیتمی فیلمەکەی گەیاندە لوتکە.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP