محەمەد جەمال - هەولێر
ڕۆژنامەنووسێک سەبارەت بە ماوەی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن هۆشداری دەدات و دەڵێ، پێویستە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و قەوارەکان پابەندی ئەو ڕێنماییانە بن کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڵاوی کردۆتەوە.
کارزان سەباح هەورامی، ڕۆژنامەنووس لە لێدوانێکی بۆ هەرێم نیوز ڕایدەگەیەنێت، پێویستە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و قەوارەکان لەکاتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پابەندی ئەو ڕێنماییانە بن کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڵاوی کردۆتەوە.
باس لەوەش دەکات، پێچەوانەی هەر ڕێنماییەک سێ دەرەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە، کە یەکێکیان دەبێتە هۆی بارگرژی سیاسی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا، هەروەها تێکچوونی ئاشتی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە کە ئەمەش خاڵێکی زۆر مەترسیدارە، سێیەم دەرەنجامیش بابەتی ئەمنییە، بەتایبەتی کۆمەڵیک لایەنی سیاسی هەن کە لە پێناوی سەرنجڕاکێشانی خەڵک دێن ئارامی شارەکان دەکەنە ئامانج.
دەشڵێت، پێویستە کاندید لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا پەنا نەباتە بەر بەخشینەوەی پارە و چەک، هەروەها بەخشینەوەی کۆمەڵێک ئیمتیازات و بابەتی ماددی کە دواجار ئەمە گەندەڵی کارگێڕی و دارایی بەدوادا دێ، جگە لەوەش دەبێ کاندیدەکان لەچوارچێوەی ئەو بانگەشەیە کار بکەن کە بۆیان دیاری کراوە.
هەورامی ئاماژە بەوەش دەکات کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیراندا داوای لەهەموو لایەنە سیاسی و قەوارەکان کردووە کە بانگەشەیەکی نەرم بکەن و ئارامی و ئاسایشی کوردستان نەکرێتە ئامانج.
ڕوونیشی دەکاتەوە، پێویستە لیژنەیەکی چاودێریی لەلایەن کۆمسیۆنەوە هەبێت، بۆئەوەی ڕۆژانە ئەو سەرپێچییانە تۆمار بکات کە لەلایەن هەر لایەنێکی سیاسی و هەر کاندیدێکەوە ئەنجام دەدرێت.
ئاشکراشی دەکات، کە لە ئێستادا لیژنەیەکی باڵای ئەمنی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان پێکهێنراوە و کۆمەڵێک ڕێنمایی دەرکراوە.