دواین هەواڵ

جیهان‌

 31/07/2024

گۆتێرێس سەرکۆنەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەکات

هەرێم نیوز

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان سەرکۆنەی ئەو ئاڵۆزییە مەترسیدارانە دەکات کە دوای هێرشەکانی بەیرووت و تاران هاتنە پێش.

چوارشەممە 31ـی تەممووزی 2024، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئاماژە بەوە دەکات "هێرشەکانی بەیروت و تاران کە تێیدا سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، ئیسماعیل هەنییە کوژرا، ئاڵۆزییەکی مەترسیدار دروست دەکات".

ستیڤان دۆگاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: سکرتێری گشتی پێی وایە هێرشەکانی باشووری لوبنان و تاران، دەبنە ئاڵۆزییەکی مەترسیدار لەکاتێکدا پێویستە هەموو هەوڵەکان بۆ وەستاندنی جەنگی سەر غەززە بێت، لەگەڵ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان. هاوکات، زیاتر کردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی فەڵەستین لە غەززە و گەڕانەوەی ئارامیی بۆ لوبنان لەسەر هێلی شین لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی تەممووزی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا لە تاران، ڕاگەیاند.

حەماس ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە ڕێوەڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر کوژراوە.

لەلایەن خۆیەوە بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی هەنییەی سەلماند و ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە دەستیان پێ کردووە و دواتر ئەنجامەکەی بڵاو دەکەنەوە.

حکوومەتی ئێران وەک ڕێزگرتن، سێ ڕۆژ ماتەمینی سەرتاسەری لە وڵاتەکە ڕاگەیاند.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP