دواین هەواڵ

جیهان‌

 44 خولەک پێش ئێستا

ترەمپ: بۆردومانکردنی پاڵاوگەکانی ڕووسیا هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینە نەک گەرووی هورمز

هەرێم نیوز


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ئێستادا گەرووی هورمز هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین نییە، بەڵکو هۆکاری سەرەکی بۆردومانکردنی پاڵاوگەکانی ڕووسیایە لەلایەن ئۆکرانیاوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی 10ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد، چیتر گەرووی هورمز هۆکاری پشت بەرزبوونەوەی نرخەکانی بەنزین نییە، بەو پێیەی لە ئێستادا ڕۆژانە بڕێکی پێوانەیی و بێوێنە لە نەوتی خاو لەو گەرووە ستراتیژییەوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان هەناردە دەکرێت.
 
ناوبراو ڕوونی کردەوە کە کێشەی سەرەکی و هۆکاری بنەڕەتیی کەمبوونەوەی بەرهەمە نەوتییەکان و گرانبوونی نرخەکەی، بۆ زنجیرە هێرش و بۆردومانەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی ناو خاکی ڕووسیا دەگەڕێتەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، ترەمپ پەنجەی تۆمەتی بۆ نەیارە سیاسییەکانی ڕاکێشا و وتیشی، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بۆ سیاسەتە ناوخۆیییەکان و داخستنی بەشێک لە پاڵاوگەکان لەو ویلایەتانەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە دیموکراتەکان تێیاندا باڵادەستن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP