دواین هەواڵ

جیهان‌

 31/07/2024

ئیسرائیل چۆن گەیشتە هەنیە؟

هەرێم نیوز

ناجی مەلاعب شارەزای سەربازی و ستراتیژی پێی وایە لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە ئیسرائیل سەرکردەکانی حەماس و حزبوڵای وەک ئامانجی هەنووکەیی لە هەر کاتێکدا دەستنیشان کردووە، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە چاودێرییەکی وردی مانگی دەستکرد بۆ ئەو ئامانجانە دەکرێت، جگە لە دامەزراندنی چاودێر لەسەر زەوی.

مەلاعب بە سکای نیوز عەرەبی ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل سوود لە تەکنیکە پێشکەوتووەکانی هەواڵگری وەردەگرێت، هەروەها سیخوڕەکانی لەسەر زەوی بۆ شوێنکەوتنی سەرکردەکانی حەماس و چاوەڕێی کاتێکی گونجاو بکەن بۆ ئەوەی بیانکەنە ئامانج، هاوشێوەی ئەوەی لە تاران ڕوویدا.

سەبارەت بە شێوازی بەئامانجگرتنی هەنیە، مەلاعب پێی وایە ئەستەمە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هەبێت کە ئاسمانی ئێرانی پێشێل کردبێت و بگاتە ناوچە "بەرز پارێزراوەکان"، بە لەبەرچاوگرتنی دوو شت کە یەکەمیان بۆنەیە چونکە ڕووداوەکە هاوکاتە لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەرۆک کۆماری ئێران بە ئامادەبوونی سەرکردە و بەرپرسان و دووەمیان لە ڕووی ئەو شوێنەی کە تێیدایە.پاراستنی خودی سوپای پاسداران.

ئەو پسپۆڕە سەربازییە پێیوایە کە هانیە بە مووشەکێکی ئاراستەکراو بەئامانج  گیراوە کە لە دوورەوە تەقێنراوەتەوە، بە ئاماژەدان بە تیرۆرکردنی زانای ناوداری ئێرانی موحسین فەخریزادە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ لە نزیک تاران، کە لەو کاتەدا ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز رایگەیاند، "ڕۆبۆتێکی بکوژ" لە تیرۆرکردنەکەدا بەکارهێنراوە، کە ئێران ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی تۆمەتبار کردووە.

مەلاعب ئاماژەی بەوەشکرد، “دوای هەڕەشەی (بنیامین) نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە هەر شوێنێک بن، بیر لەوە دەکرایەوە کە هەنیە و سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە دووربخرێنەوە لە پێناو پاراستنی ژیانیان، بەڵام پێشکەوتنی دانوستانەکانی ئاگربەست ڕێگربوو لە جێبەجێکردنی ئەوە، چونکە بوونی هەنیە لە دەوحە گرنگ بوو بۆ دڵنیابوون لە خێرایی دانوستان.

مەلاعب پێی وایە “هاوکاری هەواڵگری لە ئەمریکاوە لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، لانیکەم لە ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەماهەنگی هێرش، تەنانەت ئەگەر ئەمە بە فەرمی ڕانەگەیەنرابێت”.

لە لایەکی دیکەوە، جەنەڕاڵ محەممەد ئەلشەهاوی، شارەزای سەربازی میسری بە سکای نیوزی عەرەبی ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل زیرەکی دەستکرد بۆ هەڵدانی مووشەک لەرێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە پێشکەوتووەکانەوە بەکاردەهێنێت، ڕەنگە پەنای بۆ ئەمە بردبێت لە کردنە ئامانجی هەنیە لە ناوخۆی تاران.

ئەلشەهاوی ڕوونی کردەوە، کە دوو تیرۆرکردنی فوئاد شوکر، سەرۆکی فەرماندەی باڵای حیزبوڵا لە ڕۆژی سێشەممە، و هەنیە لە ڕۆژی چوارشەممە، پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئیسرائیل بە بوونی تۆڕێکی سیخوڕی لەسەر زەوی بەدواداچوون بۆ هەموو ئامانجەکان دەکات، بەڵام پێی وایە “هیچ خیانەتێک لە ئارادا نییە لەناو سوپای پاسداراندا، بە تایبەت بەهۆی ئەو بەڵێنەی کە رایگەیاندبوو بە توندی وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە”.

کرێگرتە و زانیاری تایبەت

هەر لە هەمان چوارچێوەدا، شرۆڤەکاری سیاسی، ئەلی نیسان، ئاماژەی بەوەدا کە چەندین بریکاری سەر بە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (موساد) لە لوبنان و ئێران هەن، کە بەکاردەهێنرێن بۆ دەستنیشانکردنی "ئامانجی گرنگ" بۆ تەسفیەکردنیان، هەروەها شوێنپێی جموجۆڵەکانیان دەکەون.

لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی ئێران لەسێدارەدانی 4 کەسیان ڕاگەیاند کە بە وتەی خۆیان پەیوەندییان بە مۆسادەوە هەیە، بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ بۆردومانکردنی کارگەیەکی سەر بە وەزارەتی بەرگری، هەروەها "هاوکاریکردن لە سیخوڕیکردن بۆ ڕژێمی ئیسرائیل".

نیسان بە سکای نیوزی عەرەبی راگەیاند، زۆر پرسیار هەیە سەبارەت بەو ڕووداوە کە تا ئێستا وەڵامیان نەدۆزیوەتەوە، بە دڵنیاییەوە نازانرێت کە هەنیە چۆن کراوەتە ئامانج و مووشەکەکە لە کوێوە هەڵدراوە و ئەنجامدەری ڕووداوەکە چۆن گەیشتووە ئەو ناوچە ئەمنییە هەستیارە”، دەشڵێت، “ڕووداوەکە هەواڵگرییەکی ورد لە پشتیەوە هەیە سەبارەت بە شوێنی مانەوەی هەنیە و ئەو ژوورەی تێیدا بووە، چونکە زیاد ئەلنەخالە، رابەری گشتی جیهادی ئیسلامی فەلەستنی لە هەمان بینا بووە لە نهۆمێکی دیکەدا و هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە.”

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە سوپای پاسدارانی ئێران لە باڵەخانە پارێزراوەکانی دوور لە ناوەندی پایتەخت میوانداری کەسانی زۆر تایبەت دەکات و لە ئەنجامدا “دزەکردنێکی گەورە بۆ ناو سیستەمی ئەمنیی سوپای پاسداران” ڕوویداوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP