دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 22/07/2024

د. عومەر نوورەدینی: هەڵبژاردن شەرعیەت بۆ دەسەڵاتی سیاسی نوێ دەکاتەوە

محەمەد جەمال – هەولێر

مامۆستایەکی زانکۆ باس لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەکات و دەڵێت، هەڵبژاردن شەرعیەت بۆ دەسەڵاتی سیاسی نوێ دەکاتەوە.

د. عومەر نوورەدینی، مامۆستای زانکۆ لە لێدوانێکی بۆ هەرێم نیوزدەڵێت، ئەنجامدانی هەڵبژاردن پایەیەکی سیاسی گرنگی دیموکراسییەتە و دەبێتە هۆی ئەوەی شەرعییەت بۆ دەسەڵاتی سیاسی نوێ بکاتەوە، هەروەها ململانێیەکی ڕێکخراو لەسەر کۆمەڵێک بنەمای یاسایی دێنێتە ئاراوە.

سەبارەت بە ئۆپۆزسیۆنیش وتی، ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی و دیموکراسییانە پێویستە بوونی هەبێت، ئەویش بۆ گەشەکردن و ململانێی دیموکراسی لە پێناو گەیشتن بە دەسەڵات.

وتيشى، کاتێک سەیری سروشت و ڕەفتار و گوتار ی سیاسی ئۆپۆزسیۆن دەکەین لە هەرێمی کوردستان، بەداخەوە زیاتر وێنای ئۆپۆزسیۆنێکی پۆپۆلیستی دێتە بەرچاو، بۆیە بەو جۆرە سروشت و گوتار و ڕەفتارانە کە ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان هەیەتی، ئەستەم و دژوارە ببێتە جێگرەوەی حزبەکانی دەسەڵات لە ئێستادا.

ئاماژە بەوەش دەکات، کە ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆئەوەی بگاتە دەسەڵات، ئەویش بەو جۆرەی کە ئاو لە گەڕەکەکان دابەش دەکات، ئەوە کەی کاری ئۆپۆزسیۆنە بچێت تانکەر ببات و ئاو لە گەڕەکەکان دابەش بکات!

دەشڵێت، سروشتی ئۆپۆزسیۆنی پۆپۆلیستی ئەوەیە کە هیچ کات وەفادارنیە بەرامبەر بە بەڵێنەکانی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP