دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 20/07/2024

بازاڕەکانى هەولێر، شوێنێک بۆ هەرزانى و پێگەیەک بۆ بوژانەوەى گەشتیاریی

هەولێر، پایتەختى هەرێمى کوردستانە لە عێراق، خاوەنى مێژوویەکى دورودرێژى فەرهەنگییەو تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئاسایشەکەى وایکردووە سەرنجی هەمووان بۆ خۆی رابکێشێت و حەزبکەن لەوێ سەرمایەگوزاریی بکەن، هەرئەمەش وایکردوە هەولێر ببێتە ناوەندێکى بازرگانى گرنگ لەناوچەکەدا.

بەگوێرەى بەدواداچوونە رۆژنامەوانیەکان یەکێک لە هۆکارەکانى سەردانیکردن و بوژانەوەى کەرتى گەشتیاری پارێزگاکە کڕین و مامەڵەیە لە هەولێر و شوێن و بازاڕە سەرنجڕاکێشەکانى هێندەى تر چێژ بە کڕین دەبەخشێت و دەبێتە یاداوەرییەکى گەورە لاى گەشتیاران، لە لایەکی تریشەوە گونجاوی نرخ و مامەڵە خۆشى فرۆشیارەکانیش با لەولاوە بوەستێت، ئیتر واز لە شوێنە گەشتیارییەکان و پاک و شەقامە پاکوخاوێن و کەشوهەواکەى بێنە، لە هەولێر رێکخستنى بازاڕ بەجۆرێکە بەگوێرەى تایبەتمەندى دابەشکراون و هەربازاڕەى گرنگی بە جۆرە کاڵایەک دەدات، ئەڵبتە زۆرینە دەڵێین..
بازاڕی قەیسەرى هەولێر:

پیش لەوەى ئەو قەیسەرییە بەناوبانگە مێژووییە بسوتێت، تایبەتمەندى زۆر هەبوو، لەنێو چەقى شارەکەو لە قوڵایی بازاڕدا، دوکانەکانى بەجۆرێک دیزاین کرابوون کە دەتگوت سەردەمە دێرینەکانە، بیناسازیی سەردەمی ئیسلامی و عوسمانیەکان و بە خشتى سوور سەرجەم قەیسەرییەکە رازابویەوە، ئێستاش دوکاندارەکان خوازیاری ئەوەن بەوشێوەیەى پێشوو نۆژەنبکرێتەوە.

کۆڵانەکانى ئەو قەیسەرییە دابەشکرابوو بەسەر زێڕنگەر، عەتر فرۆش ، کەلوپەلى ناوماڵ، پێداویستى کارەیایی، خشڵ و زیو، پێداویستى خانمان و تەنانەت هەندێک لە پیشە کۆنەکانیشى لەخۆگرتبوو، ئیتر با بون و بەرامەى داوودەرمانە کوردەوارییەکانیش لەولاوە بوەستن.
لە پێشەوەى قەیسەریش خواردنە جۆراوجۆرەکان و چاخانە و کافتریاکان جمەیان دێت، لەبەرامبەریش دا پارکێکى نایابی بچوک هەیە کە قەڵاى دێرینى شارەکە دەڕوانێت بەسەریدا و پەیکەری ئیبن مستەوفى بە جوانی لێیەوە دیارە.
شێخەڵا بازاڕێکى سونەتى:
شێخەڵا بازاڕێکى شەعبی و سونەتییە، دەگوترێت هەرچیت بوێت دەستت دەکەوێت، میوە، گۆشت، ماسى، قوماش، چا، و چەندین بابەتى دیکە، جۆراوجۆری بابەتەکان و کوالیتى هەمەڕەنگ سەرنجی گەشتیاران رادەکێشێت و هەرچیت بوێت دەستت دەکەوێت.

لەنێو بازاڕی شێخەڵادا کۆڵانى سورچیان هەیە کە هەرچى شتێکى دەستى دووت بوێت دەستت دەکەوێت، بەشێوازی جۆراوجۆر پێشکەش دەکرێت، بازاڕی شێخەڵاش دەکەوێتە نزیکى قایمقامیەتى ناوەندی و هەر بەپێى دەتوانیت چواردەورێکی قەڵا بکەیت و لەوێوە سەرێکیش لە شەقامی سوڵتان موزەفەریش بکەیت.

هەر لەو دەوروبەرانەش گەڕەکى تەیراوە هەیە کە بە جۆراوجۆری دانیشتوانەکەى بەناوبانگە، کورد و عەرەب و تورکمان پێکەوە لەیەک گەڕەکدان و مێژوویەکى دورودرێژى پێکەوە ژیانیان هەیە و لە هەمان کاتیشدا نزیکە لە مزگەوت و منارەى شێخى چۆلی کە یەکێکە لە سیبولەکانى شارى هەولێر.
داون تاون کڕین لە بازاڕێکى سەردەمیانەدا:
داون تاون ناوەندێکى قەرەباڵغى پر لە هۆسەو تێکچڕژانە، نزیکەى دوو هەزار دوکانى گەورەو بچوکى تێدا کۆکراوەتەوە، دیکۆر و شێوازی چێکردنى ئێجگار سەرنجڕاکێش و دڵگیرە.

لە سێ نهۆم پێکهاتووە و لە نهۆمێکدا جۆرە پێداویستییەک هەیە،جل و بەرگ، پێداویستیەکانى ناوماڵ، مۆبایل، ئامێرە کارەباییەکان و چەندین بابەتى ترت دەستدەکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین رستورانتى تێدایە کە دەتوانیت بۆ ماوەیەک پشووى تێدا بدەیت. شوێنەکەى زۆر ستراتیژییە دەمەوێت نێوان شەقامى کەرکوک و شێخەڵاو سی مەتریی.

نیشتمان بازاڕێک بۆ جلوبەرگ:

هەر لەو نزیکانەش بازاڕی نیشتمان هەیە کە بە بازاڕی جل و بەرگى گەنجانەو پیاوان و منداڵان بەناوبانگە، هەرلەوێ دەستفرۆشەکان هەن، کە هەرچى بە بیری تۆدا بێت دەیفرۆشن، جل و بەرگى ژنان و پیاوان، عەترو بۆنى تایبەت، قایشى پانتۆڵ ، ئەوەى کە ئەم بازاڕە لەوانى تر جیادەکاتەوە هەرزانى نرخەکەیەتى و بەو هۆیەشەوە سەردانیکاری زۆری هەیەو گەىشتیاران زۆر رویتێدەکەن.

فامیلی مۆڵ، مۆڵێک کڕیار بۆخۆی رادەکێشێت

یەکێکە لەگەورەترین و خۆشترین بازاڕەکانى هەولێر لەسەر روبەرى 12 هەزار مەتر دروستکراوە، بەرهەمە ناوخۆییەکانى تێدا دەفرۆشرێت، لەم بازاڕەدا جۆرەها شتت دەستدەکەوێت و بەنرخێکى گونجاو دەتوانیت وەک دیارییەک بیبەیتەوە.

هەر لەم بازاڕەدا براندە جیهانیەکانى جل و بەرگ و پێلاوت دەستدەکەوێت، بەشێکى زۆر لە مارکە جیهانییەکانیان تێدا نمایشکردووە و دەیفرۆشن. لە هەمان کاتدا پێداویستیە ئەلیکترۆنیەکان بە خۆیان و پێداویستیەکانیانەوە بەردەستن، سەرەڕای ئەوەش بۆ ئەوانى کە عاشقى دیکۆر و جوانییەکانى نێو ماڵ و روکاریى خانوەکانیانن لە فامیلى مۆڵی هەولێر هەموو شتێکى لێیە..

هەر لەوێ پێدوایستیەکانى خۆڕازاندنەوە، بۆن، سابون و شامپۆ و هەموو بابەتەکانى جوانکاری و پێست دەستدەکەون، یارییە جۆراوجۆرەکانى منداڵان، پێداویستى و قرتاسیە، و بەکورتى هەموو شتێکى تێدا دەستدەکەوێت. 

ماجیدی مۆڵ 
هەرچەندە ماجیدى مۆڵ لە 2009 کراوەتەوە بەڵام بووەتە یەکێک لە بازاڕە بەناوبانگەکانى هەولێر، جگە لە ژینگە جوانەکەى کاتێک سەردانى دەکەیت هەست بە ئارامی دەکەیت، ئەوانەى کە سەردانیان کردوە دەڵێن دۆستى گیرفانى گەشتیارانە، هەر ئەمەش وایکردوە خەڵکێکى زۆر سەردانى بکەن، جل و بەرگ، پێدوایستى پاکوخاوێنى و بۆن و پێدویستیەکانى جوانکاری و خانمان، لەنێو بازاڕکەدا چەندین رستۆرانت و خواردنگەو قوەفرۆشى و ساردەمەنى فرۆشى تێدایە کە خێزانەکان بەشێکی زۆریان بۆ حەوانەوە روی تێدەکەن.

هەربۆیە دەتوانین بڵێین بازاڕە جوان و سەرنجڕاکێشەکانى هەولێر (کە هەر ئەوانە نین کە باسمان کردوون) هۆکارى سەرەکى بوژارنەوەى کەرتی گەشتیارییە و دەکرێت بگوترێت لە عێراقدا نموونەیان نییە، بازاڕەکانى هەولێر لەپەناى فەرهەنگ و مێژوو دیمەنە جوانەکانى بووەتە هۆی سەرنجی هەمووان لەنێوخۆی هەرێم و عێراق و بگرە ناوچەکەش.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP