هەرێم نیوز
لیژنەیەكی بەشی تاقیگە لە تەندروستی هەولێر، سەردانی دەیان تاقیگەی پشكنینی نەخۆشییان كردووە، لەئەنجامی گەڕانەكانیان 45 تاقیگەیان داخستووە و سزا داوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بڵاویکردەوە، بەشی تاقیگەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر سەردانی كتوپڕی چەندین تاقیگەی تایبەتی ناو شاری هەولێریان كردووە، 24 تاقیگەیان بەهۆی دۆزینەوەی دەرمانی ماوەبەسەرچوو و نەبوونی مۆڵەتی كاركردن داخستووە، 21 تاقیگەش بەهۆی جێبەجێنەكردنی ڕێنماییەكان داخران و پێبژاردنیان بۆ كراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە زانستییەكان، كاتێك دەرمانی بەسەرچووی پزیشكی بۆ كاری تاقیگە بەكاردێت، هیچ ئەنجامێكی دروست لەبارەی نەخۆشی نادات، چونكە دەرمانەكە كاریگەرییەكانی لە دەستداوە.
لە هەرێمی كوردستان كردنەوەی تاقیگەی پشكنینی نەخۆشی بەپێی ڕێنمایی تایبەتی وەزارەتی تەندروستی بە ستاندارد و مەرج دەكرێنەوە.
شایەنی باسە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی لەڕێگەی گشت بەشەکان بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو شوێنانە دەکات بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی کارکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی تەندروستی لە نەخۆشخانە و تاقیگەو گشت سەنتەرەکان.