دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 18/07/2024

شادمان مەلا حەسەن: خەڵکێکی زۆری یەکێتی لەگەڵ ئێمەیە و دەنگ بە ئێمە دەدات

محەمەد جەمال – هەولێر    

سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە پارێزگای هەولێر دەڵێت، خۆمان بەهێزێکی تەواو کوردستانی دەزانین و بۆ هەڵبژاردنیش کار لەسەر ئەو خەڵکانە دەکەین کە پێشتر بەشدارییان لە هەڵبژاردن نەکردووە.

شادمان مەلا حەسەن، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە سنوری پارێزگای هەولێر لە لێدوانێکی بۆ هەرێم نیوز ڕایدەگەیەنێت، ئێمە وەک بەرەی گەل خۆمان بە هێزێکی تەواو کوردستانی دەزانین و هیچ گرێدراوێکمان بە یەکێتییەوە نیە و ئەو پێشینەیەی پێشتر کە لەناو یەكێتیدا هەمان بوو، بوو بە مێژوو.

دەشڵێت، دەمانەوێت هێزێک بین کە لەگەڵ خەڵک بین، هەروەها باکگراوندی کاندیدەکانمان تەنیا یەکێتییەکان نین، بەڵکو هەر یەکێکیان پێشتر لایەنێکی جیاواز بووە و ئێستا وازیان لە حزبەکەیان هێناوە و هاتوونەتە ناو بەرەی گەل، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکێکی زۆری یەکێتی لەگەڵ ئێمەیە و دەنگ بە ئێمە دەدات.

باس لەوەش دەکات، کە ئەوان وەک بەرەی گەل لەسەرەتادا بەرنامەیان ئەوە بووە کە لیستێکی هاوبەش لە هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان پێکبێنن، بەڵام بەداخەوە سەری نەگرت و ئێستا بەرەی گەل لیستێکی سەربەخۆی ئامادە کردووە بۆ هەڵبژاردن.

وتیشی، ئەوان کار لەسەر ئەو خەڵکانە دەکەن کە پێشتر بەشدارییان لە هەڵبژاردن نەکردووە کە نزیکەی ٧٠٪ـ دەبن.

سەبارەت بە بەشدارییکردن و بەشداریی نەکردنیان لە حکومەت، ڕوونی کردەوە، بەرەی گەل لە ئێستادا هێزێکی شاراوەیە و ناتوانن پێشبینی ئەوە بکەن کە چەند کورسی پەرلەمان بەدەستدەهێنن، بەڵام ئەگەر ڕێژەیەکی زۆری کورسی و دەنگەکانیان بەدەستهێنا و توانییان گۆڕانکاری لەناو حکومەت بکەن، لەوانەیە بەشداریی حکومەت بکەن، ئەگەرنا دەچنە بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP