دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 04/07/2024

مونا قاوەچی: هەر کات سەرۆک بارزانی بێتە سەر خەت کێشەکان چارەسەر دەبن

محەمەد جەمال – هەولێر

مونا قاوەچی باس لە ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی و سەردانەکەی بۆ بەغدا دەکات و دەڵێت، هەر کات سەرۆک بارزانی هاتبێتە سەر خەت، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر کراون.

مونا قاوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان لە لێدوانێکی بۆ هەرێم نیوز دەڵێت، ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی، ڕۆڵێکە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کاریگەرییەکی یەکجار زۆری هەیە.

دەشڵێت، هەر کات کێشە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبێت و سەرۆک بارزانی هاتبێتە سەر خەت، سەرجەم کێشەکان چارەسەر کراون.

باس لەوەش دەکات، کە جەنابی سەرۆک بارزانی وەک مەرجەعی باڵای هەرێمی کوردستان هەمیشە خەمخۆری وڵات بووە، بۆیە لەو کات و ساتەدا بە پێویست زانرا بێتە سەر خەت و لەگەڵ لایەنی پەیوەندار لەسەر ئاستی لایەنە سیاسییەکانی عێراق و ئاستی باڵا، هەروەها لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و سەرۆک کۆمار و پەرلەمان کۆببێتەوە.

ڕوونیشی دەکاتەوە، کاتێک هەر کێشەیەک ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، بێگومان جەنابی سەرۆک بارزانی دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە.

وتیشی، ئێمە وەک پێکهاتەی تورکمان هەمیشە شانازی بە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی دەکەین و هیوادارین سەرکەوتوو بێت.

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن و گەڕانەوەی کورسی کۆتاکان وتی، ئێمە هەمیشە جەختمان لەوە کردۆتەوە کە ئەو مافە بە یاسا دەستەبەر کراوە و دەبێت بە یاسا پیادە بکرێت،هەروەها لە دەستدانی کورسی کۆتاکان بەداخەوە بڕیارێکی سیاسی بوو و لەبەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی کوردستانی بڕیاردرا.

ئاماژە بەوەش دەکات، دوای ئەوەی یەک کورسی کۆتا بۆ پارێزگای هەولێر تەرخان کراوە، ئێمە وەک پارتی چاکسازی تورکمان بێگومان کاندیدی خۆمان دەبێت لە پشکی کۆتای تورکمان، لەبەرئەوەی ئێمە هەمیشە جەخت لەوە دەکەینەوە کە کورسی کۆتاکان دەبێت نوێنەرایەتی ڕاستەقینە لەلایەن پێکهاتەی تورکمان هەڵبژێردرێت، بۆئەوەی پێداگری لەمافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP