دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 29/06/2024

چارەنووسی منداڵ دوای جیابوونەوە

.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی

خوشكێك بەناوی(ش،ق،ك) نامەیەكی بۆ ناردوین و دەڵێت: ئێمە دووخوشك و یەك براین و دایك و باوكمان لێك جیابوونەتەوە و دووانمان لای دایكمانین و یەكێكیش لای باوكمان دەژی، كێشەكەمان ئەوەیە كە كەسێك نییە دڵسۆزمان بێت و خۆشەویستیمان بداتێ‌، دایكم شوی كردۆتەوە و زڕباوكەكەمان لەگەڵمان باش نییە، دایكیشمان كێشەی لەگەڵ زڕباوكەكەمان هەیە و بەردەوام  شەڕیانە و دایكم زۆربەی شەوەكان دەچێتە دەرەوە و تا درەنگانی شەو نایەتەوە و هەر لەگەڵ هاوڕێكانیەتی و زڕباوكەكەشمان لە ئێمە دەدات و قسەی ناشیرین بە ئێمە و دایك و باوكمان دەڵێت و زۆربەی كات سەرخۆشە.

باوكیشمان ژنی هێناوەتەوە و هیچ  ئاگای لە ئێمە نییە و هەر خەریكی ئیش و كاری خۆیەتی، ئێمەش نە لە لای دایك نە لەلای باوكمان دڵخۆش نین و بەردەوام لە ناو شەڕ و ئاژاوەدا دەژین، ئێستا خوشكەكەم هەر خەریكی ئینتەرنێت و چات و فەیسبووكە و هەر شەوەی قسە لەگەڵ یەكێك دەكات و منیش نازانم چی بكەم! بە دایك و باوكم دەڵێم، دەڵێن چی لێبكەین خۆی گەورەیە و دەبێت بزانێت چی دەكات، برا بچووكەكەم هەر خەریكی ئەتاری و پەپجیە و ئاگای لە خوێندنەكەی نەماوە و خووی داوەتە برادەری  خراپ و فێری جگەرە و نێرگەلەكێشان و قوماركردن بووە و تا ئێستا چەند جار پارەی من و دایكمی بردووە و زۆربەی جەستەشی كردووە بە تاتۆ، منیش وەك خوشكی گەورە بەردەوام سەرم ئێشێ‌ و زۆر دڵتەنگ و بێزام و شەو تا بەیانی خەوم لێناكەوێت، پورێكم هەیە شوی نەكردووە ئەو زۆرباشە بۆمان، بەڵام ئەو توانای نییە بەخێومان بكات، ئیتر نازانم چی بكەین؟

بەڕێزان منداڵ پێویستی بە كۆمەڵێك پێداویستی دەروونی هەیە و دەبێت لەناو خێزان بۆی دابین بكرێت، لە پێشەوەی هەموویان ئاسایش و دڵنیایی و خۆشەویستییە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە منداڵانی ئەم خێزانە لێی بێبەشن، لەبەرئەوەی دایك و باوك لێك جیابوونەتەوە، ئینجا دوای ئەوەی دایك و باوك لێكجیابوونەتەوە جێگرەوەیەكی (بدیل) باشیش بۆ ئەو دایك و باوكە لەناو ئەو خێزانە نییە، لەبەرئەوەی كچێك و براكەی لەلای زڕباوكن و ئەو زڕباوكەش زۆر خراپە لەگەڵیان و لە منداڵەكان و دایكیان دەدات و پەیوەندیی لەگەڵیان خراپە،  كەواتە منداڵەكان ئێستا لە بارودۆخێكی ناخۆشدا دەژین و لەلایەك لەناو خێزانەكەیاندا شەڕ و ئاژاوە هەیە، واتە لە ئاسایش و دڵنیایی كە یەكەم پێداویستی دەروونین بێبەشن، لەهەمان كاتیشدا لە خۆشەویستی زڕباوك و دایك و زڕدایك و باوك بێبەشن كە ئەویش دووهەم پێداویستیی دەروونییە، هەر كاتێكیش منداڵ لەناو خێزان لەو دوو پێداویستییە سەرەكییە بێبەش بوون، ئەو كات وابەستەی خێزانەكەشیان نابن و هەست ناكەن كە رێزلێگیراون، واتە درز و دەلاقەی گەورە دەكەوێتە كەسێتیی ئەو منداڵانە.

ئەو بۆشاییە بە شتی خراپ پڕ دەکاتەوە

بەڵگەش بۆ دروستبوونی ئەو درز و دەلاقەیە لە براکەیاندا بە باشی دەرکەوتووە، براكەیان بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو بێبەشبوونەی خووی داوەتە یاری پەپجی و قومار و جگەرە و نێرگەلەكێشان و برادەری خراپ، واتە كاتێك لەناو ماڵ بۆشایی سۆزداری هەبێت و منداڵ لە سۆز و خۆشەویستی دایك و باوك و كەسانی چواردەوری بێبەش بێت، ئەو كات لە دەرەوەی خێزان بە دوای شوێن و كەسانی تردا دەگەڕێن بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەی ناو خێزانی بۆ پڕ بكەنەوە، لە واقیعیشدا وا دەرچوو لەبەرئەوەی ئەو كوڕە لەناو خێزان هەست بە ئاسایش و دڵنیایی و خۆشەویستی ناكات و لێیان بێبەشە،  بۆیە پەنای بۆ برادەری خراپ بردووە بێگومان ئەوانیش بەرەو لادانیان بردووە و تەنانەت فێری دزیكردنیش بووە، لەلایەك  ئەگەری زۆر هەیە بڕێكی بۆ هاوڕێكانی خەرج بكات بۆ ئەوەی  ببێتە جێگەی رەزامەندیی ئەوان، لەلایەكی تریشەوە بڕەكەی تری بۆ جگەرە و نێرگەلە و تاتۆ دروستكردن خەرج بكات، بێگومان لە داهاتوودا ئەو برایەیان هەر بە ئەوەشەوە ناوەستێ‌، ئەگەری زۆر هەیە برادەری خراپ تووشی ماددەی هۆشبەریشی بكەن، لەبەرئەوەی زۆربەی زۆری ئەو هەرزەكارانەی كە تووشی ئالوودە بوون بە ماددەی هۆشبەر بوون، ئەوا پێش ئالوودەبوونەكەیان جگەرە و نێرگەلەیان كێشاوە و زۆربەشیان لە خێزانی  لێكترازاوەوە هاتوون، واتە بە پێی دەرئەنجامی توێژینەوەكانی پێشوو چارەنووس و داهاتووی ئەو كوڕە لە مەترسیدایە و دەبێت كەس و كاری لە هەوڵی چارەسەركردنیدا بن و لە ئەو ژینگە خراپەی خێزان و دەرەوەی خێزان دووری بخەنەوە.

 لەهەمان كاتیشدا داهاتووی ئەو خوشكەی تریشیان لە مەترسیدایە لەبەرئەوەی وەك خاوەنی ئەم نامەیە كە خوشكی گەورەیانە ئاماژەی پێداوە (ئێستا خوشكەكەم هەر خەریكی ئینتەرنێت و چات و فەیسبووكە، هەر شەوەی قسە لەگەڵ یەكێك دەكات و منیش نازانم چی بكەم! بە دایك و باوكم دەڵێم، ئەوانیش دەڵێن چی لێبكەین، خۆی گەورەیە و دەبێت بزانێت چی دەكات!) واتە ئەویش وەك براكەی لە ئاسایش و دڵنیایی و خۆشەویستی بێبەشە و كەش و هەوای خێزانیان نالەبارە و نیشانەكانی لادانی دەركەوتووە، ئەگەر ژینگەی خێزانیان گۆڕانكاری تێدا نەكرێت بێگومان  چارەنووسی ئەو كچەش لە مەترسیدایە.

بۆ دایک و باوکتی بخوێنەوە

خوشكی بەڕێز (ش،ق،ك) ئەمە كەش و هەوای دەروونی و كۆمەڵایەتیی ناو خێزانەكەتان و باری دەروونی ئەو خوشك و برایەتە، سوپاس بۆ خودا كە بەڕێزتان لەو  بارودۆخە نالەبارەی خێزانەكەتان وەك خوشك و براكەت هاوسەنگی خۆت لە دەست نەداوە و هیوادارم هەر بە ئەو بەهێزییە بمێنیتەوە، پێشنیازی من بۆ تۆ ئەوەیە:

یەکەم: دەبێت لەگەڵ دایك و باوكت دابنیشی و ئەوەی بەندە بۆی نووسیویت بۆیان بخوێنیتەوە و پێیان بڵێ‌ كە چارەنووسی ئەو خوشك و برایەت لە مەترسیدایە.

دووەم:  ئەگەر نەنك و باپیرتان ماوە چ لە لایەنی دایكتەوە یان  باوكتەوە بێت و توانای داراییان باشە ئەوا دەبێت بچن لەگەڵ ئەوان بژین و لەو ژینگە خێزانییە پڕ لە كێشەیە و زڕدایك و زڕ باوك دوور بكەونەوە.

سێیەم:  یان با دایكت ئەویش بیرێك لە ژیانی خۆی و ئێوە بكاتەوە و ئەوە كەی هاوسەرگیرییە كە بەردەوام زڕباوكەكەت لێی بدات و ئەو لەماڵ رابكات و شەو هەتا درەنگ لە كافتریا و دەرەوەی ماڵ بمێنێتەوە با باوكت هاوكاری دایكت  بكات و ئەگەر دوو ژووریش بێت بۆتان بەكرێ بگرن و لەگەڵ دایكت بژین، ئەویش لەو زڕباوكە خراپە سەرخۆشە رزگاری دەبێت و ئێوەش لەو ژینگە نالەبارە دوور دەكەونەوە.

چوارەم: یان هەوڵبدە یەكێك لە خاڵەكان یان مامەكان یان پوورەكانت لەخۆتان بگرێت و باوكت هاوكاریان بكات و پێكەوە بژین، بە تایبەتیش ئەو پوورەتان كە شووی نەكردووە و بۆتان باشە با بەهەموو لایەك هاوكاری بكەن بۆ ئەوەی بتوانێت بەخێوتان بكات.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP