دواین هەواڵ

ئابوری‌

 14/05/2024

وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی کوردستانی خەرج کرد

هەرێم نیوز

وه‌زاره‌تی دارایی عێراق رایگه‌یاند، بەشی ژمێریاری ده‌ستیكرد به‌ ره‌وانه‌كردنی پاره‌ی بۆ موچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

به‌ گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، ڕه‌زامه‌ندیی نیشان درا بۆ ناردنی مووچه‌ی مانگی نیسانی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی عێراقدا هاتووه‌، به‌ فه‌رمانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و وه‌زاره‌تی دارایی، ڕه‌زامه‌ندی نیشان درا بۆ خه‌رجكردنی مووچه‌ی مانگی نیسانی سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان (تۆڕی پاراستن و چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی، خانه‌نشینانی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی، كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، گرێبه‌سته‌كان و سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ مانگی نیسان).

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، پاره‌كه‌ بۆ موچه‌ی مانگی 4ی 2024 خه‌رجكراوه‌، له‌ چوارچێوه‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی فیدڕاڵی عێراقدا.

دوێنێ دووشەممە، ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكیدا رایگەیاند، بەهۆی ئەو لێكتێگەیشتنەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، نابێت ئەم هەفتەیە تێپەڕ بكات و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە بێت. 

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان یه‌كشه‌ممه‌ی رابردو 12ی 5ی 2024 له‌میانی وتارێكدا رایگه‌یاند، چاوه‌ڕێن به‌غدا موچه‌ی مانگی چوار و پێنجی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتێكی زودا ره‌وانه‌ بكات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP