دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

ئەمریکا هێرشەکەی سەر کۆرمۆر ئیدانە دەکات

هەرێم نیوز

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە توندی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆری سەرکۆنە كرد و ڕای گەیاند هێرش بۆ سەر ژێرخانی مه‌ده‌نی پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراقه‌.

ڤێدانت پاتێل جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا ڕایگەیاند بە توندی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر سەرکۆنە دەکەن. سەرەخۆشی ئاراستەی خێزانی کوژراوەکان دەکەن و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازن.

پاتێل ئاماژەی ڕاشیگەیاند: "ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی مەدەنی، بە کەم سەیرکردنی سەروەری عێراقە".

ڕۆژی هەینیی رابردوو 26ـی نیسانی 2024 هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و لە ئەنجامدا چوار کارمەندی یەمەنی لە کێڵگە غازییەكەدا کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش دووەم هێرشی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بوو لەمساڵدا.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی وزە لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە هەشت جار هێرشی کراوەتەوە سەر.

لێدان لە کۆرمۆر لێدانە لە شا دەماری ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها لێدانە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا کە لە سێپتەمبەری 2021 دا، 250 ملیۆن دۆلاری داوە تاوەکو ئەو کێلگەیە فراوان بکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP