هەرێم نیوز
لە دهۆک ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بۆ وەرزی 2024دەکرێت، پارێزگاری دهۆکیش دەڵێت، هەموو ئاسانکارییەک بۆ جووتیاران دەکرێت.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ دووشەممە، 29-04-2024، بە سەرپەرشتیی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار، قایمقامەکانی سنووری پارێزگاکە، بەڕێوەبەری سایلۆکانی گەنم و چەند لایەنێکی پەیوەندیدار؛ کۆبوونەوەیەکی فراوان لەبارەی نزیکبوونەی وەرزی دروێنە و ئامادەکردنی پلانێکی گونجاو بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرا.
ئەوەش هاتووە، پارێزگاری دهۆک لە کۆبوونەوەکەدا هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بە باشترین شێوە خزمەتی پڕۆسەکە بکەن.
ئەو راسپاردانەی لە کۆبوونەوەکەدا دەرکراون:
یەکەم: بە گوێرەی سنووری جوگرافیا، پلانی وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران بۆ وەرزی 2024 بڵاو دەکرێتەوە و بەرهەمەکە لە هەر سێ سایلۆکانی زاخۆ، فەیدیێ و شێخان وەردەگیرێت.
دووەم: بەبێ لێبڕین بەرهەمی جووتیاران وەردەگیرێت و بەپێی پشکنینەکان ئاسانکاری بۆ دەکرێت.
سێیەم: بەرهەمی جووتیاران لەسەر بنەمای پەسەندی بەڕێوەبەرایەتی گەنم وەردەگیرێت و ڕێگە بە هاوردەکردنی گەنم لە دەرەوەی پارێزگای دهۆک نادرێت.
چوارەم: پێویستە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی ئامێرەکانی جووتیاران بکرێت بۆ ئەم مەبەستەش تیمەکانی هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و دەزگا ئەمنییەکان لە ئامادەباشیدا دەبن لە ئەگەری دروستبوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.