دواین هەواڵ

ئابوری‌

 پێش 2 هەفتە

وەزیری نەوتی عێراق:بەمزووانە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە

هەرێم نیوز

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند بەم نزیکانە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان دەکرێت.

حەیان عەبدولغەنی ڕایگەیاند، نووسراومان داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکەن، تاوەکو لە ڕێگەی سۆمۆوە نەوتی هەرێم هەناردەی دەرەوە بکرێتەوە.

دەشڵێت، دەربارەی ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوتی لە هەرێم حکومەتی ناوەندی ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیاکان لە هەرێم نییە، بەڵام داوامان لە حکومەتی هەرێم کردووە کار ئاسانی بکەن بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنی تەواو.

عەبدولغه‌نی ڕاشیگه‌یاند، بڕی به‌رهه‌مێنانی نه‌وت لە هەرێمی کوردستان به‌ گوێره‌ی بودجه‌ 375 تا 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌ لە ڕۆژێکدا.

پێشتریش محەممەد شیاع سودانی لە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا و دیداری لەگەڵ جۆ بایدن، جەختیان لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کردبوو.

لە 25ى 3ى 2023یەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP