دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

بارزانی: پارتی بۆ هەڵبژاردنێك ئامادەیە كه‌ دوور بێت لە دیزاینی پێشوەختەو گیروگرفتی یاسایی و تەکنیکی

هەرێم نیوز 

بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق رایگەیاند، پارتی بۆ هەڵبژاردنێك ئامادەیە كه‌ دوور بێت لە دیزاینی پێشوەختەو گیروگرفتی یاسایی و تەکنیکی

بارەگای بارزانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی سێشەممە 16ی نیسانی 2024 لە سەلاحەددین بارزانی پێشوازی لە پاتریك دوریل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هەورەها بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم و باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بەوەی كە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوان هەولێر و بەغدا دیالۆگ بەرقەرارە و ئەوەشی خستەڕوو كە فەڕەنسا هەموو كاتێك هاوسۆز و پاڵپشتی گەلی كوردستان دەمێنێتەوە و پێویستە مافەكانی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدڕاڵدا بپارێزرێن.

جەختیشی كردەوە كە وڵاتەكەی دیالۆگ بە باشترین ڕێگە دەزانێت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها كێشە سیاسیەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان.

هەر لەو دیدارەدا بارزانی پێزانینی بۆ ڕۆڵی مێژوویی فەڕەنسا هەبوو لە پشتیوانیكردنی مافە ڕەواكانی گەلی كورد لە هەموو قۆناغەكان.

بارزانی ئاماژەشی بە خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان دا لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و سەروەری و مافە نەتەوەییەكان و ڕەتكردنەوەی جیاكاری و ستەم.

بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بریتیە لە پێشێلكردنی دەستوور و پابەندنەبوون بە ڕێككەوتنەكان و هەروەها دروستبوونی مەترسی لەسەر پڕۆسەی دیموكراسی و هەوڵدان بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان كە هەرێمێكی دەستووری و بەرهەمی قوربانیدانی دەیانساڵەی گەلەكەمانە.

بارزانی بودجە و شایستە دارییەكانی هەرێمی كوردستانی بە مافێكی سرووشتی خەڵكی كوردستان لە قەڵەم دا كە بە هیچ شێوەیەك نابێ بكرێتە كارتێكی سیاسی و لەدژی هەرێم بەكار بهێندرێت. هەر لە درێژەی وتەكانیدا بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامیی دیالۆگی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ ڕاگەیاند و بە باشترین ڕێگە بۆ چارەسەربوونی كێشەكان نێوان هەردوولای وەسف كرد.

لەبارەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم  بارزانی تەئكیدی كردەوە كە پارتی هەردەم ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە دەرئەنجامەكانی دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەرانی بێت و  پێکهاتەکان بتوانن نوێنەرایەتی ویست و دەنگی خۆیان بکەن و دوور بێت لە دیزاینی پێشوەختە و گیروگرفتی یاسایی و تەکنیکی.

بارزانی هیوایشی خواست لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێم و ڕەچاوكردنی كولتوور و بەهاكانی دیموكراسی لە خزمەتی پاراستن و بەهێزكردنی هەرێمی كوردستاندا بن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP