هەرێم نیوز
کۆمپانیای نەوتی باکور چاککردنەوەی بۆری گواستنەوەی غازی لە گوندی قزلیاری سنوری کەرکوک راگەیاند، دوای ئەوەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شکا و ترسی لەناو دانیشوانی گوندەکە دروستکرد.
کۆمپانیای نەوتی باکور لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، غاز لە بۆرییەک لەکێڵگەی جمبور دزەیکردووە بەھۆی کۆنی و بوونی پاڵەپەستۆوە لەسەر بۆرییەکە و راستەوخۆ لەلایەن تیمەکانەوە کۆنترۆڵکراوە.
دەشڵێت، تیمەکان بۆرییەکەیان چاککردووەتەوە و رووداوەکە کاریگەری لەسەر پڕۆسەی بەرھەمھێنان نەبووە و ھیچ زیانێکی گیانیشی لێنەکەوتووەتەوە.
بۆرییەکە دەکەوێتە گوندی قزلیار و لەھەمان ئەو شوێنەوە شکا کە لە ٢٤ی کانونی دووەم شکابوو، بەھۆی بوونی مەترسیشەوە خەڵکی گوندەکە بۆ ماوەی چەند سەعاتێک ماڵەکانیان جێھێشت.