دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

نێچیرڤان بارزانی: خه‌ڵكى باليسان و شێخ وه‌سانان و دۆڵى خۆشناوه‌تى شايسته‌ى باشترين خزمه‌تن‌

هەرێم نیوز

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، په‌یامێكی له‌ یادی 37 ساڵه‌ی كیمیابارانكردنی بالیسان و شێخ وه‌سانان و دۆڵی خۆشناوه‌تی بڵاوكرده‌وه‌. 

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، ئه‌مڕۆ 16ى نيسان، له‌ يادى به‌ئازارى (37) ساڵه‌ى كيميابارانكردنى باليسان و شێخ وه‌سانان و دۆڵى خۆشناوه‌تيدا، دروود بۆ گيانى پاكى شه‌هيدان و سڵاو بۆ‌ كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزيان و ته‌واوى قوربانى و به‌ركه‌وته‌كانى ئه‌و تاوانه‌ى ڕژێمى پێشووى عێراق ده‌نێرين و به‌ ڕێزه‌وه‌ ياديان ده‌كه‌ينه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: كيميابارانكردنى ئه‌و ناوچه‌يه‌ كه‌ هه‌ميشه‌ مه‌كۆى شۆڕش و تێكۆشان بووه‌ دژى سته‌م و دكتاتۆرى و له‌پێناو ئازاديى گه‌لى كوردستاندا قوربانيى زۆرى داوه‌، سه‌ره‌تا و ده‌سپێكى تاوانى كيميابارانكردنى خه‌ڵك و خاكى كوردستان بوو كه‌ بووه‌ لاپه‌ڕه‌يه‌كى ڕه‌شى مێژووى ئه‌نجامده‌رانى و نيشانه‌ى سته‌ملێكراويى گه‌لى كوردستان.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دەڵێت، خه‌ڵكى جوامێر و نيشتمانپه‌روه‌رى باليسان و شێخ وه‌سانان و دۆڵى خۆشناوه‌تى وه‌ك هه‌موو گه‌لى كوردستان، نه‌ك هه‌ر به‌ كيمياباران و ژاراويكردنى خاك و ئاو و ئاسمانه‌كه‌ى كۆڵيان نه‌‌دا، به‌ڵكوو خۆڕاگرانه‌ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ و درێژه‌يان به‌ تيكۆشان دژ به‌ سته‌م و دكتاتۆرى دا، بۆيه‌ شايسته‌ى باشترين خزمه‌ت و گرنگيپێدانى زياترن‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانییدا هاتووه‌، سڵاو بۆ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ دڵسۆزه‌ى له‌ كاتى كيمياباراندا يارمه‌تيى قوربانييانيان دا و گيانى خۆيان خسته‌ مه‌ترسى، بۆ ئه‌وه‌ى بريندار و به‌ركه‌وتووان تيمار بكه‌ن. گيانى پيرۆزى شه‌هيدان شاد و ياديان هه‌ميشه‌ به‌ خێر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP