دواین هەواڵ

ئابوری‌

 پێش 2 هەفتە

ئەپیکور: ئامادەین بە خێرایی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق – توركیا ھەناردە بکەینەوە

هەرێم نیوز

ئەپیکور سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا دەکات کە لە کۆبوونەوەی کۆشکی سپیدا جەختیان لە هەناردەکردنەوەی نەوت و کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا کردووەتەوە.

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئامادەیی خۆی بۆ دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق دەربڕیوە تا له‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بگه‌نه‌ رێككه‌وتن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، لە رێگەی رێککەوتنی نوسراوەوە، داوای گەرەنتی پێدانی شایستە داراییەکانیان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە داهاتو و رابردودا دەکەن، "وەبەرهێنانی 10 ملیار دۆلاری کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکور لە هەرێمی کوردستاندا خزمەت بەو ئامانجانە دەکات کە لە کۆبونەوەکەی سودانی و بایدن جەختی لێوەکراوە".

ئەپیکور ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، هه‌ماهه‌نگی لەگەڵ هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ده‌كه‌ن بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت بەزویی دەستپێبکاتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە 25ى 3ى 2023یەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا.

بەگوێرەى خەمڵاندنى كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان – ئەپیکور، بەهۆى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانەوە، زیاتر لە 14 ملیار دۆلار زیان بەر خەزێنەى گشتیى عێراق کەوتووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP