دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 3 هەفتە

قایمقامیەتی سلێمانی:ئەمجۆرە یارییانە بۆ منداڵەکانتان مەکڕن

هەرێم نیوز

قائیمقامیەتی سلێمانی بەبڵاوکردنەوەی چەند وێنەی یاری منداڵانە لە جۆریتەقەمەنی و چەکی مورودا ڕایگەیاند، ئەم فرۆشیارانە روبەڕوی رێكاری یاسایی توند دەكەینەوە. هۆشداریش دەداتە دایکان و باوکان لە کڕینی ئەمجۆرە یارییانە بۆ منداڵان.

ئەمڕۆ دووشەممە گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند:  بەهۆی هەبوونی مەترسی لەسەر سەلامەتی ئەو منداڵانەی یاری پێ دەكەن و بەرامبەرەكەیان، لیژنەی یەكی قائیمقامیەتی سلێمانی لەناوچەی قولەرەیسی و چەند ناوچەیەكی دیكەدا، دەستی بەسەر بڕێكی زۆر تەقەنی و  چەكی مورودا گرتوە.

وتیشی: لەگەڵ ئەوەی ئەم جۆرە یاریانە، مەترسی لەسەر ئەو منداڵانەی یارییان پێدەكەن دروست دەكات،  دەبێتە هۆی بێزاربونی هاوڵاتیان بەگشتی و بەتایبەتی ئەو شوێنە و جێگەیانەی منداڵ بۆ بەسەر بردنی كاتەكانی خۆیان روی لێدەكەن. 

گۆران قادر، هۆشداری بەدایكان و باوكان دەدات، زیاتر ئاگاداری منداڵەكانتان بن و رێگری لە كڕینی  تەقەمەنی و چەكی مورو بكەن، مەهێڵن منداڵەكانتان یارییان پێبكەن لەبەر ئەوەی روداوی نەخوازراوی لێ دەكەوێتەوە.

روونیشیكردەوە؛ بەفەرمانی قائیقامی سلێمانی تەواوی ئەو تەقەمەنی و چەكە مورویانە لەناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبون و لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە لەناودەبەن و خاوەنەكانیشیان روبەڕوی سزا دەكەنەوە.

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: لە رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆزدا لیژنە هاوبەشەكان لەئەركدا دەبن و لە هەرشوێنێك بفرۆشرێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت و فرۆشیارەكەش لەڕێگەی داواكاری گشتییەوە روبەڕوی رێكاری یاسایی توند دەكرێتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیاری بەقائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP