هەرێم نیوز
حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ 1000 ئامێری پارەدەر ATM لە سەرجەم پارێزگا و قەزا و ناحییەکانی هەرێمی کوردستان جێگیربکرێت. دەشڵێت، تا ئێستا 260 هەزار مووچەخۆر لە هەژماری من ناوی تۆمارکراوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند، پرۆسەی تۆمارکردنی مووچەخۆر و فەرمانبەران لە "هەژماری من" کە سیستمێکی پارەدانی دیجیتاڵییە، بەردەوامیی هەیە و تۆمارکردنی فەرمانبەران گەیشتووەتە 260 هەزار کەس و 153 هەزار کارت دراوەتەوە تۆمارکراوان.
ئاماژە بەوەش دەکات تا کۆتاییی ساڵی 2024، نزیکەی 1000 ئامێری پارەدەر ATM لە سەرجەم پارێزگا، قەزا و ناحیەکانی کوردستان جێگیر دەکرێن، "بۆ ئەوەی مووچەخۆران بە ئاسانترین شێوە دەستیان بە مووچەکانیان بگات."
دەشڵێت، ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە بەردەوام لە زیادبووندان کە تا ئێستا بریتین لە (BBAC - NBI - RT - Cihan – IIB) و سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دان پێدانراون و بەشداریکردنیان پەسەند کراوە.
ماوەی ساڵێکە وەک دەستپێکی تاقیکاری (ئەزموونی)، فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر مووچەکانیان لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە وەرگرتووە.
لە کۆتایی ساڵی ڕابردووش، هەریەک لە کۆلێژەکانی ئاداب، کشتوکاڵ و زانست لە زانکۆی سەڵاحەدین، مووچەکانیان لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە وەرگرتووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکەی بەمجۆرە خستووەتە ڕوو:
1- دەستراگەیشتن بە سەدان ئامێری پارەدەر ATM و ڕاکێشانی سەرجەم پارەکانی بەکارهێنەر بە یەکجار و بە خۆڕایی.
ئامێرەکان بە شێوەی 24 کاتژمێری بەردەستن بۆ بەکارهێنان و فەرمانبەر هەرکاتێک بیەوێت بە ئارەزووی خۆی دەتوانێ پارەکەی ڕابکێشێت.
2- دەستڕاگەیشتن بە قەرز/پێشینەی جۆراوجۆری بانک.
3- بەکارهێنانی کارتی بانکی بۆ کڕینی ئۆنڵاین و ئامێرەکانی کارتخوێن ناسراو بە PoS.
4- گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی پارێزراو و سەلامەت بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات.
5- دەستڕاگەیشتن بە ئەپلیکەیشنی مۆبایلی بانک بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداری جوڵەی نێو هەژمارەکەت بیت و بەدەستگەیشتنی ئاگانامەی مۆبایل لە کاتی هاتنی مووچەدا.