دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 پێش 4 هەفتە

منداڵەکانتان_مەترسێنن

ئامادەکردنی: هەستیار برادۆستی

زاناو بیرمەندی دەروونزانی ئەلفرێد ئادلەر لە وتەیەکدا دەڵێت:" مرۆڤە ڕووخاوەکان ئەوانەن کە بە منداڵی ترسێندراون". منداڵ هەر لە سەرەتای تەمەنیانەوە لەگەڵ کۆمەڵێک ترس ڕووبەڕو دەبنەوە یان دوچاری دەبن کەوا پێویستە دایک و باوک و مامۆستایانی داینگەو باخچەی ساوایان بە سەلیقەوە شارەزایی تەواو لەپێناو چارەسەرکردنی هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ترس لە منداڵ نەهێڵین.

ترس؛ خەسڵەتێکی دەرونییەو لە ناخی هەموو کەسێکدا بە ڕێژەی جیاواز بوونی هەیە، بەتایبەت لە منداڵدا هەمیشەییەو بە درێژایی تەمەن لەتەنیشت کۆمەڵێک ئەزموونی مەترسیدار ڕوبەڕو دەبنەوە، منداڵ زیاتر لە کەسی نەناسراو، ئاژەڵ، هەورەتریشقە، تەوالێت، تاریکی، یان لە تەمەنی دوو ساڵیدا لە دەنگی بەهێزو بەرز ترسەکەی لە ڕادەبەدەر دەبێت.

ترسەکانی_قۆناغی_منداڵی_چین؟

ئەو منداڵانەی کە هێشتا فێری قسەکردن نەبوون، لەبەر ئەوەی زۆر شارەزای دنیای دەوروبەریان نین، کۆمەڵە ترسێکیان هەیە، بەتایبەتی ترسیان لەو دەنگانەی کە نامۆیە بۆیان پێی ڕانەهاتوون، بۆیە زۆر گرنگە لەم ماوەیەدا دایکەکە منداڵەکەی جێ نەهێڵێت، چونکە کاتێک لە دەنگێک ترسا خێرا دەتوانێت هانا ببات بۆ دایکی و هێور ببێتەوە. چونکە ئارامکردنەوەو دڵدانەوەی دایکی، وای لێدەکات لە ڕووی هەستەکانیەوە زۆر باش پێبگات و بەهێزبێت و لەبەرامبەر ترسدا بەرگری پەیدا بکات.

لە منداڵی تەمەن (٥) ساڵدا، قۆناغێکی ترسی سروشتی دێتە ئاراوە. لەم قۆناغەدا منداڵ ترسی لەو وێنانە هەیە، کە خۆی لە زیهنی خۆیدا دروستی دەکات بۆ ئەو شتانەی کە لە دەوروبەریدا دەیبیستێت، یاخود دەیبینێت. بۆ نموونە؛ قارەمانی ناو کارتۆنەکان، ئەو حیکایەتانەی کە باسی مردن دەکەن و لە گەورەکانەوە دەیبیستێت، یاخود کاتێک خەیاڵی شەیتان و فریشتە دەکات... هتد. لەبەر ئەوەی دڵنیانین کە تا چ ڕادەییەک ئەو چەمکانە لە ژیانی ڕاستەقینەدا بەرجەستەن یان نا، بۆیە تووشی ترس دەبن، بەتایبەتی ترسی شەوانە، ئەمە ترسێکی کاتییەو تایبەتە بە قۆناغێکی دیاریکراو کە تێدەپەڕێت. کاتێک باوان لە منداڵەکەیاندا ڕەبەڕووی حاڵەتێکی لەم جۆرە دەبنەوە، پێویستە ئارامبن. واتە کاتێک منداڵەکەتان پرسیارێک دەکات، هەوڵبدەن بە پێی تەمەنەکەی خۆی وەڵامی بدەنەوە. هاوکات، باسکردنی جنۆکەو شەیتان لەم قۆناغەدا، کارێکی گونجاو نییە. بەهۆی ئەوەی بەرجەستە نین و منداڵ خۆی ناتوانێت بیانبینێت، کاتێک خەیاڵیان دەکات، تووشی ترس دەبێت.

هەر لەم قۆناغەدا لە (٥-٦) ساڵیدا کاتێک سەیری ڕوداو و بەسەرهاتەکانی فیلمێک دەکەن، ترسی ئەوەیان بۆ دروست دەبێت کە ڕوداوە ترسناکەکانی ناو فیلمەکە بەسەر خۆیشیاندا بێت. یاخود ترسی ئەوەیان هەیە، کارەساتە ڕاستەقینەکان (زەمینلەرزە، ئاگرکەوتنەوە، جیابونەوەی دایک و باوک...هتد) ئەوانیش بگرێتەوە. بۆیە ڕەفتاری دایک و باوک لەم قۆناغەدا، گرنگی خۆی هەیە. تا چ ڕاددەیەک واقیعبین و لەسەر خۆبن، منداڵیش بەو ڕادەیە توانای زاڵبونی بەسەر ترسەکەیدا دەبێت.

هۆکارەکانی ترسانی منداڵان:

١- ترسی دایک و باوک و کەسانی چواردەوری منداڵ٠
٢- پەروەردەی هەڵەی دایک و باوک و مامۆستا.
٣- گێڕانەوە یان بینینی چیڕۆکی ترسناک.
٤- لێکترازان و شەڕ و ئاژوەی دایک و باوک یاخود شەڕ و ئاژاوەی خوشک و برای گەورەتر لە خۆی.
٥- نازداری، زۆر لاواندنەوەی منداڵ و گرنگیدانی زیاد لە پێویست ئەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ تووشی ترس ببێت.
٦- دیمەنە توندتیژەکانی دراماو فیلمە ترسناکەکان و گواستنەوەی هەواڵی شەڕوکوشتن لەکەناڵەکانی میدیاو باسکردنی بەسەرهاتە ناخۆش و ترسناکەکانی ڕابردوو لەلایەن میوان و کەسوکارەوە.
٧- ئەزموونی تاڵ وەک ڕووداوێکی ناخۆش یان بەسەرهاتێکی ترسناک کە کاریگەری خۆی دوای ڕوداوو بەسەرهاتەکە بەسەر گیانی منداڵەکەوە دەمێنێ و لە ژیانیدا ڕەنگ دەداتەوە.

چارەسەرکردنی ترسی منداڵان:-

١- دەبێت دایک و باوک تا دەتوانن ژینگەیەکی خێزانی خۆش و پڕ لە ئارامی بۆ منداڵەکانیان فەراهەم بکەن و نابێت لەبەر چاوی منداڵەکانیان شەڕ و ئاژاوە دروست بکەن چونکە شەڕ و ئاژاوەی ناو خێزان ترس و دڵەڕاوکێ و گومان لەلای منداڵ دروست دەکات.

٢- نابێت دایک و باوک پەنا بۆ شێوازی نازداری ببەن چونکە زۆر لاواندنەوە منداڵ تووشی ترس دەکات.

٣- دەبێت دایک و باوک و مامۆستا لە گێڕانەوەی چیڕۆک و بەسەرهاتی ترسناک و تۆقێنەر دووربکەونەو وە نابێت بەهیچ شێوەیەک منداڵ سەیری فیلم و دراماو هەواڵ و ڕووداوی ترسناک بکات.

٤- نابێت دایک و باوک و مامۆستا لەبەر چاوی منداڵەکانیان بترسن، ئەگەر هەستیشیان بە ترس کرد ئەوا نابێت لەبەردەم منداڵەکانیان دەری ببڕن.

٥- نابێت بەهیچ شێوەیەک دایک و باوک و مامۆستا منداڵ بە شتی وەک ( دێو، شەیتان، شەولەبان، گورگ، جنۆکە، دز،...،هتد) بترسێنن.

٦- ئەو زانیاریانە پێشکەشی منداڵ بکەن کە پێویستیەتی و لەگەڵ تەمەنیدا دەگونجێت.

٧- بەدوای چارەسەرێکدا بگەڕێن کە لەگەڵ هزر و جیهانە تایبەتەکەی منداڵ بگونجێت.

٨- باسکردنی جنۆکەو شەیتان لەم قۆناغەدا، کارێکی گونجاو نییە، بەهۆی ئەوەی بەرجەستە

نین و منداڵ خۆی ناتوانێت بیانبینێت، کاتێک خەیاڵیان دەکات تووشی ترس دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP