هێمن عەبدولقادر
خوێندنەوەیەک لە دەرەوەی دەرمان و بەنزین و خواردنی ئێکسپایەر :-
یەکەم /
لە ڕاستیدا ئەوەی پیویستە دەرزی کیمیاوی لێبدرێت ، ئەخلاقمانە نەک جەستەمان، ئەوەی ئەبێت بخەسێنرێت تەماعمانە ، نەک پیاوەتیمان، ئەوەی ئەبێت دەر بهێنرێت چاولێکەری ومۆدگەراییە نەک ڕەحمی ژنەکانمان.
لە شێر پەنجە ترسناکتر ، کۆمەڵگایەکە ،کە بە هەمووان دەڵێت بە ئەخلاق بن ، کەچی لە واقیعدا ڕێزی بێ ئەخلاقەکانی زیاتر دەگرێت.
شێرپەنجە ، تەنها دابەشبوونی خانە تووشبووەکان نیە بە بێ کۆنترۆڵ، بەڵکو دابەشبوونی هەموو ئەو تۆڕانەیە لە مرۆڤ، کە خوا ڕۆژ دەکاتەوە خەریکی دابەشکردنی سەدان هێکتار زەوین بەبێ کۆنترۆڵ؟ بەسەر دەربار و مرۆڤە هەڵپەکارەکانی چواردەوری خۆیاندا.
شێرپەنجە ئەوەیە کە ئەخلاقی هیچ کەسیک بەشی ئەوە نەکات بەبێ وەسڵی بەتاڵ بتوانێت بودجەی فەرمانگە و وەزارەتەکەی تێپەرێنێت ؟
ئەوەی توشی شێر پەنجە بووە بەتەنها (گەدە و کۆڵۆن و سی)ەکانمان نییە،بەڵکو هەڵپەی دەرکەوتن و دەوڵەمەند بوونەکانمانە،
ئەوەی رێژەی شێرپەنجەی زیادکردووە بەتەنها شەربەت و بەنزین و مەوادی ئێکسپایەر نییە ،
بەڵکو ئەخلاقی بەسەرچووی کۆمەڵگایەکە کە لەپێناو هەڵپەی دەرکەوتن و ململانێ و پارە و ناوبانگدا لە مێژە لەسەر تەختی نەخۆشخانەکان کەوتووە .
کەوتوویەک ، کە نە ڕێوڕەسم و پەرستشە ئاینییەکان هێوری ئەکاتەوە ، نەوەرزش و هۆڵی جیم و لەشجوانی دەرونی ڕێک ئەکاتەوە ، نە بروانامەی باڵا و کۆڕو سیمینار کۆمەکی دوو دەقە دواتری ئەکات.
ئەوەی کە گرانە و دەستناکەوێت دەرمانی شێر پەنجە نییە ، بەڵکو قەناعەتە ، قەناعەتێک کە لەوە وردتر نەکاتەوە کە بوویت.
ئەوەی کە بەتالە کۆگای دەرمانخانەکانی شێر پەنجە نییە ، بەڵکو بەتاڵ کەسێکە لە پێناو دەولەمەندبووندا بکەوێتە ناو هەموو کارێکی بێڕەوشتی.
شێخی سەعدی ئەفەرموێت (ئەو کارواننچیانەی کە یوسفیان لە بیرەکە دەرهێنا و یوسفیان بە چەند درهەمێک فرۆشت بێ عەقڵ ترین مرۆڤی سەر زەوی بوون ، چونکە بەو پارەیە نەیانتوانی هیچ شتێک لە یوسف جوانتر و بەنرختر بکڕن)
ئەوانەی ماڵ و مناڵ و کەسایەتی و ئابڕوو و ویژدانی خۆیان و خەڵک بە هەڵپەی دەوڵەمەندبوون و ناوبانگ و دەرکەوتن و پارە دەگۆڕنەوە نەفامترین کەسن ، چون ڕۆژانە هەر ئەو کەسانە ئەو پارەیەی کە دەستیان کەوتووە دەکەنەوە بە سپۆنسەری پەیج و دەعوەت و گەڕان و چونەوە ناوخەڵک تەنها بۆ ئەوەی کەمێک لەوەی لە دەستیان چووە بیهێننەوە؟
......................
دووەم:-/
هەڵپەی دەوڵەمەند بوون سەدان ئینسانی مەعقولی ورد کردەوە بۆ نامەعقول ، سەدان خێزانی تۆکمەی بە بێ تاسە شلکردەوە بۆ کەوتن ، کەسایەتی مرۆڤی گەورە گەورەی خستە ژێر پرسیارەوە.
دانیشتی شەوانە و ئاخر مۆدێلی سەیارە و ڤێلا و شوقەی دواین پڕۆژە ، سەدان ژن و پیاوی کرد بە کارەکتەری بێ ئابڕوو.
(بەر لە جەنگ دیم ئافرەتێك بوو،
هەتابڵێی نورانی بوو،
ئەفسوس دوای جەنگ بینیمەوە، ناودارترین سۆزانی بوو)
پێش هەڵپەی جەنگی دەولەمەند و بەناوبانگ بوون کجێک بوو ( شێوە مانگ ، چپە دوو، گەندەموو ، مەچەک هەڵنەگرتوو) دوای هەڵپەی جەنگەکە ، قەرزاری بازاری بیری خەڵک و جوانکاری و نەشتەر و دڵتەنگی و تەنها مانەوە.
پیش هەڵپەی دەوڵەمەند بوونەکە ، کورێک بوو سەرت پێ بسپێردایە (راستگۆ، بە پرەنسیب و ئەخلاق،خاوەن پڕۆژەی فیکری) ، پاش هەڵپەی دەولەمەند بوونەکە ترسناک ، گورگێک لەبەرگی مرۆڤدا ، بێڕەوشت ، درۆزن ، دز ، داوێن پیس ، قومارچی ، ڕیاباز ، ماستاوچی ، دەرباری بەردەم پرسگە و دەست لەسەر سنگی نەخوێنەوارترین کەسەکان ، ڕاپۆرت نووس ، ملشکێن،بە ئاستەم دەناسرایەوە.
........................................................
سێییەم:-/
ئەلێن (ئەسپ ئەو ئەسپەیە کە لێی دابەزیت پێی هەڵبڵێی نەک کە خۆت هەڵدایە سەر پشتی)
هەمیشە کۆتایی رێگەکە پێت دەڵێ ئەسپەکەت (جلەوی شل) بوو یان (گورگە لۆقە)،(نەرمە غار)بوو یان (چوارناڵە) ، (ڕەوت) بوو یان (ئاوزەنگی تەقین) هەرکام لەم جۆرە ڕۆیشتنانەی ئەسپ کەوتن و گلانی خۆی هەیە، لە کۆتایدا دەزانی ئازاری کامیان کەمتر بوو ، چێژی کامیشیان خۆشتر.
لە کۆتایی ڕێگاکەدا هەڵپەی پارە و دەولەمەند بوون و بەناوبانگ بوون بە ئاشکرا و لە تەنهایدا بێشەرم دەتخاتە گریان و پێت دەلێت:-
چیت لە دەست چوو؟ چیت بەدەستهێنا؟
کێت لە دەستچوو ؟ کێت بەدەستهێنا ؟
کۆمەڵێک نەخۆشخانە و ، کۆمەلێک مرۆڤی چاوچنۆک و بەهەڵپە ، کە ئامادەن پەلاماری لاشە و دەرون و خێزان و مندالەکانی خۆشیان بدەن بۆ پارە و بەناوبانگ بوون.
کورد ئەڵێ (گا بەدەنگی جوتیار ئەروات)
هەموو کارێک لە دونیادا بە ئەخلاقەوە ئەروات ، ئەخلاقی ئێمەش وەک ددانی کلۆر بۆگەنی کردووە بۆ پارە و بەناوبانگبوون ، نەک بەشی ڕۆشتن ناکات کەڵکی هەڵکێشانیشی نەماوە