دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 4 هەفتە

شوان ڕابەر: پێویستە کێشەکانی هەرێم و بەغدا لەڕووی دێبلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن

محەمەد جەمال – هەولێر

ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان باس لەکێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەکات و دەڵێت، پێویستە کێشەکان لەڕووی دێبلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن.

شوان ڕابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان بۆ هەرێم نیوز ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا کۆمەڵێک کێشەی "سیاسی و ئابووری و ئەمنی" لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و هەندێک لە وڵاتاندا هەیە.

دەشڵێت، کێشەی ئابووری هەرێمی کوردستانی تووشی قەیران و چەقبەستوو کردووە، بۆیە پێویستە لەڕووی دێبلۆماسی و سیاسیییەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، تاوەکو کێشەی ئابووری چارەسەر چارەسەر بکرێت.

شوان ڕابەر باس لەوەش دەکات کە لە ئێستادا پڕۆژە یاسای هەمووارکردنەوەی بودجە لە ئارادایە، ئەگەر بێت و پێشتر هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لەسەری ڕێکنەکەوێت، هەروەها پڕۆژە یاساکە بچێتە پەرلەمان و بە زۆرینە یەکلا بکرێتەوە، دیسان لە بەرژەوەندی بەغدا دەبێت و لە دژی هەرێمی کوردستاندا بە کۆتا دێت.

سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئەمریکا لە ئێران، شوان رابەر وتی، لە ئێستادا پێموانیە ئەمریکا ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران، لەبەرئەوەی ئەو شەڕەی کە ئێستا لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا هەیە، ئەمریکا و ئێرانیش نایانەوێت فراوانتر ببێت، بەڵام لە هەندێک شوێندا ئەمریکا لەو گرووپانە دەدات کە سەر بەئێرانن، لە هەمان کاتدا ئێرانیش لە هەندێک شوێنی تر لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەدات.

لەبارەی هەرێمی کوردستانیشەوە گوتی، عێراق لەسەری پێویستە هەرێمی کوردستان لەو شەڕانە بپارێزێت کە لەنێوان ئەمریکا و گرووپەکانی سەر بە ئێران ڕوودەدەەن، بەڵام بەداخەوە لەبەرئەوەی عێراق سیادەی بەهێز نیە، بۆیە نەک هەرێمی کوردستان، بەڵکو ناتوانێت شارەکانی تریش وەک پێویست بپارێزێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP