دواین هەواڵ

جیهان‌

 07/01/2024

جەنگی غەززە پێ دەنێتە مانگی چوارەمەوە؛ چی ڕوودەدات؟

هەرێم نیوز

سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، شەڕە گەورەکەی لە باکووری غەزە تەواو کردووە و ژێرخانی سەربازیی حەماسی لە باکووری غەزە لەناو بردووە. حەماسیش دەڵێت ئیسرائیل بەبێ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی لە باکووری غەززە کشاوەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی1ی2024 جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل پێی نایە مانگی چوارەمەوە. دانیال هاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، شەڕە گەورەکەی لە باکووری غەزە تەواو کردووە و ژێرخانی سەربازیی حەماسی لە باکووری غەزە لەناو بردووە. دەشڵێت :"جەنگاوەرە فەڵەستینییەکان لە ئێستادا تەنها بەشێوەی پەرتەوازەیی و بەبێ فەرماندە لەم ناوچەیە شەڕدەکەن."

ئەم قسانە،  پێش سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن دێت بۆ ئیسرائیل، کە دوێنێ سەردانی قەتەری کرد، هەروەها سەردانی تورکیا و ئوردنیشی کردووە، بەڵام قەتەر بە نێوەندگری سەرەکی دادەنرێت لە جەنگەکەی غەزەدا.

ئەنتۆنی بلینکن ڕایگەیاند زیاتر لە 20 لە سەدی بارە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بەبۆنەی هێرشی حوسییەکانەوە لەناوچوون، هەوڵیش بۆ دابینکردنی ئاسایشی دەریایی لە ناوچەکەدا دەدەین.

ئەوەشی وت، 90 لە سەدی خەڵکی غەززە تووشی قەیرانی کەمیی خۆراک بوونەتەوە. فەڵەستینییەکان پێویستە بگەڕێندرێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان لە غەززە و کۆچدانی زۆرەملێیان قەبوڵ ناکەین.

لەلایەکی دیکەوە، ئەندامی  مەکتەبی سیاسی حەماس ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ئیسرائیل بەبێ ئەوەی بتوانن ئامانجەکانی خۆیان بەدەستبهێنن، لە باکووری غەززە کشاونەتەوە.وتیشی، تەنیا بەشێکی بچووکی غەززە لە دەستی "دوژمن"دایە.

لەبارەی لێدوانی ئیسرائیلییەکان کە وتبوویان ژێرخانی حەماس لە باکوور غەززە لەناوبراوە، ئوسامە حەمدان وتی ئەو قسانە ڕاست نین و هێزەکانمان بەوپەڕی هێزەوە ئامادەییان هەیە. 

ئوسامە حەمدان ڕایگەیاند: لە 7 ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا ٪4 خەڵکی غەززە کوژراون یان برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە و لە بارەی کوژرانی ڕۆژنامەنووسانەو لە غەززە، ئەمڕۆ ڕاگەیەنرا ، "حمزه الدحدوح" ڕۆژنامەنووس و وێنەگری کەناڵی ئەلجەزیرە، کە کوڕی سەرۆکی نووسینگەی ئەلجەزیرەش بوو لە غەززە، لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا کوژرا. هەر لەو هێرشەدا مستەفا سورەیا، یەکێکی دیکە لە ڕۆژنامەنووسەکانی کەناڵی ئەلجەزیرە کوژرا.

لە دەستپێکی جەنگەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 75 ڕۆژنامەنووس کوژراون.

تەندروستی غەززە ڕایگەیاند، لەسەرەتای جەنگەوە تا ئێستا 22 هەزار و 835 کەس کوژراون و 58 هەزار و 416 کەسیش بریندارن.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP