دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11/12/2023

مەسرور بارزانی پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافی پێکهاتەکان دووپات کردەوە

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی، پشتیوانی خۆی راگەیاند بۆ پێکهاتەکان و ناڕەزایی لە بەرامبەر هەوڵەکانی گۆڕین و دەستکاریکردنی کورسی و مافی پێکهاتەکانی کوردستان دەربڕی.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت لەمبارەیەوە نامەیەکی بۆ هەر یەک لە فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، جينين هێنیس-پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و عومەر ئەحمەد محەمەد سەرۆکی ئەنجومەنی  کۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق نارد و تێیدا نیگەرانیی و ناڕەزایی لە بەرامبەر هەوڵەکانی گۆڕین و دەستکاریکردنی کورسی و مافی پێکهاتەکانی کوردستان دەربڕی و داوایکردووە کە ڕێگری لەم هەوڵانە بکرێت و مافەکانی پێکهاتەکان دەستکاری نەکرێت و پارێزراو بێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێنجشەممەی رابردوو کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی خۆی بۆ دابەشکردنی کورسی کۆتاکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوەتە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق و 11 کورسییەکەی کۆتای پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستانی دابەش کردووە، بەجۆرێک چواری بۆ سلێمانی، چواری بۆ هەولێر و سێیەکەی دیکەی بۆ پارێزگای دهۆک بێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP