هەرێم نیوز
بەڕێوبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" حاڵەتەکانی لە دایکبوونی پێشوەختە لە زیادبووندایە، بەهۆی زۆر هۆکاری پەیوەست بە تەندروستی دایکەوە".
پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" نزیکەی (١٢.٥%)ی لە دایکبوون لە نەخۆشخانەکانمان منداڵی پێشوەختەن کە ئەم ڕێژەیەش زۆرە".
ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکارەکانی زیادبوونی حاڵەتەکانی لە دایکبوونی پێشوەختە دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی تەندروستی دایکەکە، کوالێتی خۆراک، زۆری دەرمانەکان، هەموو ئەمانەش وادەکەن منداڵبوون لە کاتی خۆیدا ڕوونەدات.
سەبارەت بە کاریگەری مانگرتن لەسەر کارەکانی نەخۆشخانەکە، جەختی لەوە کردەوە کە" کاریگەری لەسەر ژیان و تەندروستی منداڵان نەبووە، بەڵکو کاریگەری لەسەر کوالێتی خزمەتگوزارییەکان تاڕادەیەک هەبووە".
لەدایکبونی منداڵ پێش تەمەنی 37 هەفتەیی بە ناکام هەژمار دەکرێت، تەندروستی خۆی و دایکەکە دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها کاریگەری لەسەر گەشەی منداڵ دەبێت، جگە لە خواردنی دەرمانی پزیشکی چەند هۆکارێک هەن کە دەبنە هۆی لەدایکبونی منداڵ ناکام، وەکو دوگیانبون بە منداڵی دوانە، کەمی کێش، تەمەنی دایک، پەستانی خوێن و شەکرە، دەتوانیت بەم چەند رێنماییە مەترسی لەدایکبونی منداڵی ناکام کەمبکەیتەوە.
یەکەم: رۆژانە هەشت پەرداخ ئاو بخۆرەوە.
دوەم: هاوسەنگراگرتنی سیستمی خۆراکی، دوربکەوە لە خواردنەوە خێراکان.
سێیەم: جگەرە مەکێشە، لەو کەسانە دوربکەوەرەوە کە جگەرە دەکێشن.
چوارەم: بەبێ رێنمایی پزیشک دەرمان مەخۆ.
پێنجەم: پەستانی خوێنت هاوسەنگ رابگرە، لە خواردنی شەکر دوربکەوەرەوە.