دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 07/12/2023

سەرەڕای فەرمانى دەستگیرکردنى، پۆتین لەگەشتەکانى بەردەوامە

هەرێم نیوز

سەرەڕای ئەوەى دادگاى نێودەوڵەتى بڕیارى دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمێرپۆتینى سەرۆکی روسیا دەرکردووە لەبەر ئەوەى تاوانى جەنگی لە ئۆکرانیا ئەنجامداوە، ئەو دادگایەش پێشتر ئاگاداریی کردبوویەوە کە گەشتى دەرەوەى وڵاتەکەى نەکات، بەڵام بەسەردانێکی کتوپڕو بە چاودێریی چوار فرۆکەى جەنگی گەشتە وڵاتانى کەنداوو لەگەڵ سەرۆکی چەند وڵاتێک کۆبوویەوە، وتەبێژى کۆشکی کرملین"دیمتری بیسکۆڤ" یش ڕایگەیاندووە کە پەیوەندییەکانى نێوان مۆسکۆ و ڕیاز گەشتووەتە ئاستێک کە پێشتر وێنەى نەبووە.

دادگاى نێودەوڵەتى لە رۆژی 17/3/2023 بڕیارى دەستگیرکردنى ڤلادیمێرپۆتینى دەرکردووە بەو بیانووەى کە بووەتە هۆی کۆچپێکردنى بە زۆری منداڵانى ئۆکرانیا، ئەوە لە کاتێکدا لە لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتیدا دەرکەوتووە پۆتین لە کاتى جەنگی وڵاتەکەى لە دژى ئۆکرانیا هەستاوە بە گواستنەوەى بەزۆری منداڵان و ئەوەش بە پێی یاسای نێودەوڵەتى بە "تاوانى جەنگ"ى ئەژماردەکرێت.

ئاژانسى بلومبێرگی ئەمریکیش ڕایگەیاندووە، شارەزایانى یاسایی ئاماژەیان بە 19 هەزار منداڵی ئۆکرانى کردووە کە بەزۆر ڕاگوازراون، سەرەڕای ئەوەى روسییەکان ئاماژەیان بە حاڵەتى مرۆیی منداڵەکان کردووە، بەڵام شارەزا ئەمریکییەکان گوتوویانە کارێکی نامرۆڤانەیە.

 لەگەڵ ئەوەشدا بڕگەى دووەمی بڕیارەکەى دادگاى نێودەوڵەتى پەیوەندیی بە گواستنەوەى بەزۆری هاوڵاتییانى سڤیلى ئۆکرانیاوە هەبووە بۆ روسیا و دیسانەوە ئەوەش تاوانى جەنگییە، بەڵام لەکاتى دەرچوونى بڕیارەکەدا وەزارەتى دەرەوەى روسیا ئەو بڕیارەى دادگاى نێودەوڵەتى بە "بێ بایەخ" و "نایاسایی" وەسفکردووە.

 لە لایەکی تریشەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، دادگاى نێودەوڵەتى داواى لە ئەندامەکانى کردووە کە هاوکاربن بۆ دەستگیرکردنى پۆتن و هەردوو جێگرەکەى، بەپێى سەرچاوەکانیش زۆرینەى ئەو کەسانەى کە دادگاى نێودەوڵەتى بڕیاری دەستگیرکردنى بۆ دەرکردوون سەرکردە سیاسیی و سەربازییە دەستڕۆشتووەکانن و زۆرینەشیان دەستگیرنەکراون.

سەرەڕای بوونى بڕیاری دەستگیرکردنى پۆتن لە لایەن دادگاى نێودەوڵەتى سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە، بەڵام تا ئێستا چەند گەشتێکی ئەنجامداوە، دواترینیان سەردانى ئیماراتى عەرەبی و عەرەبستانى سعودییە بووە لە رۆژى 6 کانونى یەکەمى 2023 بووە ، کە بەمەبەستى پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى هەردوولاو نرخی نەوت و دوا گۆڕانکارییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

چاودێران باس لەوە دەکەن سەردانیکردنى پۆتین لەکاتێکدایە کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە جەنگێکی وێرانکەرى گەورەدایە و لە لایەکی تریشەوە روسیا لەگەڵ جەنگی ئۆکرانیادا بەردەوامەو وڵاتانى رۆژئاواش خوازیارى تێکشکانى روسیان و هاوکاریی ئۆکرانیا بە ئەرکی سەرشانى خۆیان دەزانن.

جێگیرکردنى نەوت و کە ڕوسیا لە پلەى یەکەمی وڵاتانى بەرهەمهێنى نەوتدایەو عەرەبستانى سعودییەش بە دواى ئەودادێت، بەپێی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت ئەمرۆ پێنج شەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمەریکی بە 69 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت بەراورد بە دوێنێ نرخەکەى دوو دۆلار و 47 سەنت دابەزیوە.
گۆڕانکارى لە نرخی نەوت لە کاتێکدایە، هەریەک لە عێراق و روسیا و سعودییە و ئیمارات و جەزائیر و کوێت و عومان رایانگەیاندووە، بەشێوەیەکی خۆویستانە و بە ئامانجی سەقامگیری نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنە بازاڕدا بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتیان کەمکردەوە.

هاوکات، بەرپرسانی ڕێکخراوی ئۆپیك پڵەس کۆبونەوە و پشکی هەر وڵاتێك بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی داهاتودا دیاریکردوە و پشکی عێراق چوار ملیۆن و 431 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا و دواتر بە ڕەزامەندی عێراق و ڕێکخراوەکە بڕی 210 هەزار بەرمیل نەوت کەمکراوەتەوە.

لە لایەکی تریشەوە وەک چاودێرانى ئاماژەى بۆ دەکەن، سەردانە لەناکاوەکەى پۆتین پەیوەندى بە لاوازبوونى رۆڵی ئەمریکا دێت لە وڵاتانى عەرەبی و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا، لەو بارەیەشەوە پۆتین بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە ئیمارات و عەرەبستانى سعودییە گەورەترین هاوبەش و هاوپەیمانى روسیان لە وڵاتانى عەرەبی و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا، ئەوە لە کاتێکدا پێشتر ئەو دوو وڵاتە گەورەو گرنگەى عەرەبی لەگەڵ ئەمریکادا هاوپەیمانی خۆیان ڕاگەیاندبوو، هەر بۆیە پێدەچێت گۆڕانکاریی گەورە لەناوچەکەدا بهێنێتە کایەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP