دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 05/12/2023

پێش لە هێرشەکان، حەماس لە دیدگاى وڵاتانى عەرەبییەوە

ساڵانێکى زۆرە بزووتنەوەى حەماس لەبەردەم هێرشى وڵاتانى عەرەبیدایە، گوایە گروپێکی تیرۆرستین و لە دژى بەرژەوەندییەکانى خەڵکی فەلەستین دەجوڵێنەوە، کاتێکیش جوڵەسەربازییەکەى 7 تشرینی یەکەمیان ڕویدا، ئیتر ناووناوبانگی حەماس هێندەى تر کەوتەوە بەرباس و بۆچونەکانى خۆیان سورتر کردوەوە.

لەداوى هێرشە لەناکاوەکەى چەکدارانى بزووتنەوەى حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ى مانگی ئۆکتۆبەرى ڕبوردوو، ناوى حەماس چووە مانشێتى زۆرینەى میدیاکانى جیهان و باسیان لەوە کرد کە حەماس هێرشی لەناکاوی کردوەتە سەر خەڵکی سڤیل و بە هۆیەوە هەر یەک لە بەحرەین و ئیمارات بزوتنەوەکەیان بە تیرۆریست ناوهێنا و دواى دوو هەفتەش لە هێرشەکان –لوتکەى ئاشتى قاهیرە – گرێدرا، بەڵام سەیرەکە لەوەدا بوو لەو کۆنگرەیەدا هیچ سەرکردەیەکی وڵاتانى عەرەبی ناوى حەماسیان نەهێنایە بەرباس و سودیان لە دەستەواژەى فەلەستین و غەززە وەرگرت، تەنانەت لە بەیاننامە هاوبەشەکەى 26ى مانگیشدا کە لە لایەن نۆ وڵاتى بەناوبانگی عەربییەوە واژۆکرا تەنها ئاماژە بە ناکۆکییەکانى غەززە کراوە و لە پرۆژەکەى ئەردەنیش دا کە لە 27ى مانگدا  پێشکەشى نەتەوە یەکگرتوەکانى کردووە بەهیچ شێوەیەک باس لە بزووتنەوەى حەماس نەکراوە. وەک ئەوەى بیانەوێت لەو ڕێگەیەوە بایکۆتى تەواوەتى ئەو بزووتنەوەیە بکەن.

نەک هەر ئەوەندە، لە لێدوان و تێچێنەکانى بەرپرسان و دامەزراوەکانى وڵاتانى عەرەبیدا بۆچوونەکانیان سەبارەت بە بزووتنەوەى حەماس باشتر ڕوون دەبێتەوە کە لە خوارەوە ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین.

عادل جەبیر، وەزیرى دەوڵەت بۆ کاروبارى دەرەوەى عەرەبستانى سعودییە، لە رۆژنامەى  -الوطن- ى رۆژى 24/2/2018 دا بززوتنەوەى حەماسی بە "توندڕەو و تیرۆریست" ناوبردووە، عەبدوڵا بن بەجادى رۆژنامەنوسی سعودییەش لە کەناڵی (ئێم بی سی)  لە 26/11/2021 دا گوتویەتى "بزووتنەوەى حەماس، بزووتنەوەیەکی تیرۆرستییە، لەدژى فەلەستین و وڵاتانى عەرەبی سەرقاڵی تیرۆرە، کێشەکەش لەودایە کە لەژێر ناوى "ئازادی فەلەستین" دا کارەکانى پەردەپۆشدەکات.

لە لایەکی تریشەوە سامى ساڵح باڵیۆزی عەرەبستانى سعودییە لە جەزائیر، مافى بەرگرییکردن لە فەلەستینى داوەتە پاڵ ڕێکخراوى ئازادیخوازی فەلەستین و بزووتنەوەى حەماسی بە تیرۆریست ناوهێناوە، ئەمەشى لە پێگەى عەرەب 48 دا لە 12 تەمووزی 2017 دا بڵاوکردووەتەوە.

زۆرینەى عەرەب پشتیوانى لە پرۆسەى ئاشتەوایی نێوان عەرەب و ئیسرئیل دەکەن جگە لەوانەى کە تیرۆریستن، وەک حەماس و ئیخوان موسلمین و کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەردۆگان، کە پشتیوانى لە تیرۆر دەکەن، ئەم وتەى دکتۆر عەلی نوعەیمی سەرۆکی کاروباری بەرگریی و ناوخۆیی و دەرەکی ئیماراتە کە لە 2/9/2020 لە پێگەى ئاراب نیوزدا بڵاویکردووەتەوە.

هەر ئەو بەرپرسە ئیماراتییە لە 7/7/2021بە پێگەى (نیوزویک)ى گوتووە: حەماس "غەززە"ى داگیرکردووە، خەڵکی غەززە کێشەى حەماسیان هەیە نەک ئیسرائیل، حەماس بە پشتیوانى ئێران توانیویانە لەڕێگەى میدیاوە دەست بەسەر عەقڵی هەندێک لە عەرەبەکاندا بگرن و باوەڕیان پێبهێنن کە لەبەرژەوەندی خەڵکی فەلەستین کاردەکەن، نازانن ئەوان خەریکی بانگەشەکردنن بۆ تیرۆر.

شێخ عەبدوڵا بن زاید، وەزیری دەرەوەى ئیمارات لە 13/7/2021 بە کەناڵی جەزیرەى گوتووە: بەداخەوە هەندێک لە وڵاتان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش بە بێ سڵەمینەوە بە (قاعیدە و دەوڵەتى ئیسلامی لە عێراق و شام –داعش) دەڵێن تیرۆریست، بەڵام دوو دڵن لەوەى بە "حەماس و حیزبوڵاو ئیخوان موسلمین" بڵێن تیرۆریست.

ئەنوەر قەرقاش،، وەزیری دەوڵەتى ئیمارات بۆ کاروبارى دەرەوە لە لاپەڕەى خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتى (X) و توێتەرى پێشووى خۆی لە 6/11/2018  نوسیویەتى: ئەو پرۆژەیەى کە حەماس بەڕێوەى دەبات پرۆژەیەکی تیرۆرستى ئێرانییە لە فەلەستین جێبەجێی دەکات.

ساڵح قەلاب، وەزیری ڕاگەیاندنى ئوردونیش لە رۆژى 21/3/2012 لە پێگەى –ئیلاف- دا نوسیوەتى: ئەوەى حەماس دەیکات لە پشتى بزووتنەوەى فەتح و دەسەڵاتى فەلەستینى مەحمود عەباسەوە، زیانى گەورە بە خەڵکی فەلەستینى دەگەیەنێت. لە رۆژى 5/10/2018 ش لە رۆژنامەى –شرق الأوسط- دا گوتوویەتى: دەربڕین و ناوبردنى بزووتنەوەى حەماس بە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازیی فەلەستینى و نیشتمانى دەربڕینێکى هەڵەیە، ئەوان وەک حیزبوڵاى لوبنانى و حەشدى شەعبی عێراقین.

حەمادە فەراعینە، ئەندامی خولی پێشووى پەرلەمانى ئەو وڵاتەش لە 22/4/2019 ڕایگەیاندووە: ئوردن بەچاوی کودەتاچییەوە لە بزووتنەوەى حەماس دەڕوانێت، بۆیە ڕەتى دەکاتەوە بە فەرمی پێشوازیی لە سەرکردەکانی بکرێت، ئیتر جیاوازیی نییە ئیسماعیل هەنییە بێت یان مەحموود زەهار.

عەبدولڕەئوف رەوابدە، سەرۆک وەزیرانى پێشووى ئوردون، لە رۆژى 22/7/2016 بە کەناڵی -العربیة-ى گوتووە:حەماس چەندین پێشێلکارى مەترسیداری ئەنجامداوە کە مەترسی بۆ سەروەریی وڵاتەکەمان دروستکردووە، هەر ئەم وتەیە بووە بایسى ئەوەى نوێنەرانى حەماس لە وڵاتەکەیان دەربکەن.

هەرچی میسرییەکانیشە بۆچونەکانیان لە بارەى بزووتنەوى حەماسەوە لەوانى پێشوو جیاواز نییە و بە تیرۆریست و لەیاسا دەرچوویان دەزانن، مەجدی عەبدولغەفار، وەزیری ناوخۆی میسر لە رۆژی 6/3/2016  بە –الجزیرة-ى ڕاگەیاندووە: دەزگا ئاسایشیەکانمان گروپێکیان دەستگیرکردووە کاریان بۆ تێکدانى ئاسایشی وڵاتەکەمان کردووە، تیرۆرکردنى -هیشام بەرەکات -(ئەندامی خولی پێشووى پەرلەمان) بەدەستى تورکیا لەڕێگەى ئەندامانى حەماسەوە ئەنجام دراوە، ئەوانەى کارەکەیان کردووە لەلایەن حەماسەوە ڕاهێنانیان پێکراوە.

وەزیرى دەرەوەى بەحرەینیش خالد بن ئەحمەد ئال حەلیفە، لەڕۆژی 20/7/2019 بە پێگەى –تایمزئۆف ئیسرائیل-ى گوتووە: بە سەرباز و پارەى ئێرانى حەماس و جیهادییەکانى تر توانیویانە دەست بەرسەر غەززە دا بگرن، ئێمە لە ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیل زۆر نزیکین و ئەوانیش دەیانەوێت ڕێگریی بکەن.

ئەوانەى سەرەوە بۆچوون و بیروباوەڕی وڵاتان و کەسایەتییە دیارەکانى عەرەبە بەرامبەر بە بزووتنەوەى حەماس بەرلەوەى هێرشەکانی 7/10/2023 بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام بدەن، چوون ئەوان ئەم بزووتنەوەیە بە تێکدەری پرۆسەى ئاسایی کردنەوەى پەیوەندییەکانی خۆیان دەبینن لەگەڵ ئیسرائیل دا کە لە 2019 وە بە خێرایی دەستیان پێکرد و بڕیاریش بوو لە ناوەڕاستى مانگی تشرینى یەکەمیشدا عەرەبستانى سعودییەش بچێتە ڕیزی ڕێککەوتنى ئیبراهیمی و کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان بهێنن و لەگەڵ ئیسرائیل ئاشت ببنەوە، بەڵام هێرشە لەناکاوەکەى حەماس دۆخەکەى سەرەونگون کردو تا ئێستاش جەنگ بەردەوامى هەیەو کەسیش نازانێت دۆخەکە بەرەو کوێ مل دەنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP