دواین هەواڵ

ئابوری‌

 28/11/2023

حکومەتی عێراق چەندین ڕێکاری جیاوازی بۆ نزمکردنەوەی نرخی دۆلار گرتۆتەبەر

هەرێم نیوز

حکومەتی عێراقی  چەندین رێکاری جیاوازی بۆ نزمکردنەوەی نرخی دۆلار دەرکرد، بە وتەی شارەزایانی دارایی، حکومەتی عێراق بۆی دەرکەوتوە لە دۆسیەی دۆلاردا، دەسەڵاتی بەسەر سیاسییەکان و بازرگانەکان نییە، بۆیە بە بڕیاری بانکی ناوەندی لە ساڵی داهاتوەوە ئەگەر لە دەرەوەی وڵات دۆلار حەواڵە بکرێتە سەر هەژماری بانکی هەر کەسێک، ئەوا لە بانکە عێراقییەکان بە دینار رادەکێشرێتەوە و نرخی هەر 100 دۆلارێک 132 هەزار دینار دەبێت، لە رێگەی ئەو بڕیارەوە شەڕی پەیداکردنی دۆلار نامێنێت و ئەو کەسانەی زۆر پێویستیان بە دۆلارە لە کەسانی دیکە جیادەکرێنەوە.

گوڵاڵە سدیق شارەزای دارایی و بانکی بە دەنگى ئەمریکاى راگەیاند، حکومەتی عێراقی حکومەتێکی لاوازە، بڕیارەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی دۆلار لە ئاستێکی باشدان، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش کێشەی جێبەجێکردنی بڕیارەکان هەیە.

گوڵاڵە سدیق ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتادا حکومەتی عێراقی بە نیازبون لە ڕێگای سەکۆی بازرگانیەوە ئەو هەنگاوە بگرێتەبەر، بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە بازرگانان و سیاسییەکان پەیوەندییان چۆنە و بەشێک لەو بازرگانانە روکاری سیاسییەکانن و سیاسییەکان لەپشتی ئەو بازرگانانەوەن، بۆیە بینییان بازرگانی بەدۆلار بازرگانیەکی مسۆگەرە.

ئەوەشی خستەڕو، بە قسە و لێدوانی هەندێک لە بەرپرسان لەشەو و ڕۆژێکدا نرخی 100 دۆلار 10 هەزار دینار بەرزی و نزمی دەکرد، هاوڵاتیانیش لە پابەندبون بە رێنماییەکانی بانکی ناوەندی هاوکار نەبون، بەڵکو لە رێگەی دروستکردنی کارتی بانکییەکانەوە بڕی گەورەی دۆلار برایە دەرەوە.

باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا حکومەتی عێراقی درکی بەوەکردوە کە دەسەڵاتی بەسەر سیاسییەکان و بازرگانەکان نییە، بۆیە لە رۆژی 5ی مانگی (تشرینی یەکەم/10)ەوە بە نوسراوی فەرمی بانکی ناوەندی بڕیاریدا لە ساڵی داهاتوەوە هەرکەسێک لە دەرەوەی عێراق دۆلار بۆ کارت و هەژمارە بانکییەکەی حەواڵەبکرێت، ئەوا لە بانکەکانی عێراق بە دینار پێیان دەدرێتەوە و نرخی هەر 100 دۆلارێک 132 هەزار دینار دەبێت.

ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەم بڕیارەی بانکی ناوەندی بڕیارێکی دروستە و دەبو لە دوای ساڵی 2003ەوە ئەو بڕیارەی بدایە، بەڵام ئەوەی گرنگترە ئەوەیە دەبێت وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

گوڵاڵە سدیق رونیشیکردەوە، چونکە هەندێک جار حکومەتی هەرێم پابەند نابێت بە بڕیارەکانی بەغدادەوە، یا تاچەند هەرێم پابەند و هاوکار دەبێت، ئەمەش وادەکات حکومەتی عێراق کۆنترۆڵی دۆخەکە نەکات و لەدەست دەربچێت ، حکومەتی هەرێم بە تێڕوانینی خۆی کاردەکات، وەک چۆن پاشەکەوت لەهەرێم هەبو لە بەغداد نەبو، یاسای خانەنشینی یەکگرتو لە عێراق جێبەجێدەکرێت لە هەرێم ناکرێت.

لەلایەکی دیکەوە شێروان میرزا ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی لە خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارەکە دەرچوە و حکومەتی عێراقی دەیەوێت لەسەرەتای ساڵی نوێوە دەستبکات بەوەی لەناوخۆی عێراق مامەڵەکان بکات بەدیناری عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕیارە وادەکات لەناوخۆی عێراق ڕاکە ڕاکە بۆ کڕینی دۆلار نەمێنێت و سنوردارکردنی ئەو کەسانەی کە لەناوخۆی عێراق ئیشییان بەدۆلار دەبێت، خاڵی دوەمیش ئەوەیە ئەوانەی بەڕاستی پێویستییان بەدۆلارە جیابکرێنەوە لەڕێگای سەکۆی ئەلیکترۆنیەوە، جا چ بازرگانە، یا گەشتیارە.

ئەوەشی خستەڕو، سەبارەت بەوڵاتانی دراوسێش هەندێک لەوانە خۆیان گەمارۆییان لەسەرە و پێویستییان بە دۆلارە دەیانەوێت دۆلارییان لەڕێگای مامەڵەی بازرگانیەوە بۆ بچێت، بۆ ئەوەی دۆلارییان بۆ نەڕوات حکومەتی عێراقی دەیەوێت مامەڵەی دۆلارییان بۆ بکاتە دراوی خۆیان نەک دۆلار، ئەمەش وادەکات بازرگانانیش زۆر پێویستییان بە دۆلار نەمێنێت.

باسی لەوەشکرد، مەرج نییە کۆبونەوەی حکومەتی عێراق و ئەمەریکا، یا هەنگاوەکانی بانکی ناوەندی ببێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار لەبازاڕی ڕەش، چونکە ئەگەر هەمو مامەڵەکان ببێتە دیناری عێراقی لەناوخۆی وڵات ئەوکات هاوڵاتی پێویستی بەدۆلار نامێنێت و مامەڵە بە دینار دەکات.

هەر لەو بارەیەوە کەیفی خۆشناو، وتەبێژی بازاڕی دراوەکانی هەولێر رایگەیاند، نرخی دۆلار کە ئەم ماوە بەو شێوە بەرزبوەوە، کاتێک نرخەکە دەهاتە خوار بانکی ناوەندی عێراق دەچو کەمتری دەخستە بازاڕ، واتە دەستێک هەبو لە ناو بانکی ناوەندی کە لێندەگەڕا نرخی دۆلار نزمبێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP