دواین هەواڵ

کلتور‌

 20/11/2023

فیلمی ئالودە.. داهێنانێك بو بۆ سینەمای كوردی یان شكست؟

هەرێم نیوز 

‎فیلمی ئالودە، كە لە نوسین و دەرهێنانی سیروان محەمەدە، ژانەری، تاوان، نهێنی و درامایە، لە نواندنی ئەكتەران، شوان عەتوف، بەیان عوسمان، پێشڕەو حسێن، هەردی سەلامی، كاردۆ عەزیز، زمناكۆ كەریم، ڤانیا سالار، روناك دڵپاك، رۆژە فایەق، ئەژدەر سازگار و ئەلین سالارە.

کاتێک وەک بینەر سەیری فیلمێک دەکەیت بەدڵنیایی پێش هەموو شت گرنگی دەدەیت بە پێکهاتە سەرەکیەکانی فیلم وەک ( سیناریۆ ، نواندن ، دیالۆگ ، گرێچنەی فیلم ، میوزیک ، وێنەگرتن ، سینەماتۆگرافی و دەرهێنەر ) 

دیمەنەکانی سەرەتایی فیلم ژیانێکی نمونەیی پشان دەدات لەناو ماڵێکی شێواودا ، ماڵێک تەنها بەناو ماڵە ، دواتر کامێرا خەیاڵ و چاوەکانی بینەر دەبات بۆ سەر ژیانی ژن و مێردێکی کرچ و کاڵ ، بەجۆرێک گرتە لەدوای گرتە بینەر ئالودەی سارد و سڕی چیرۆک و گفتوگۆ بێماناکان دەبێت .

دواتر بینەر بەردەوام ئالودی بینینی دوبارەی خواردنەوە کحولیەکان دەبێت ، خواردنەوە ، دیسان خواردنەوە ، بەجۆرێک وا هەست دەکەیت پێکهاتەی فیلم ریکلامی خواردنەوە کحولیەکان بێت .

هێڵێکی درامی خێرا و بێمانا ، پەپاش دیالۆگێکی تاقەت پڕوکێن و بێزارکەر زۆر خێرا دەگەین بە ( تەڵاق ) مەریەم داوای تەڵاق لە بەمۆ دەکات ، سەرەتای فیلم زۆر گرنگە بۆ دەستپێکی بناغەی درامی فیلم ، لەفیلمی ( ئالودە)  دا بەخێرایی بینەر بێزار دەبێت بەهۆی ئەو گفتوگۆ دوور و درێژەی نێوان ژن و مێردێک لەسەر شەقامێکی سەرەکیدا .

لەناو پێکهاتەیی درامی فیلمەکەدا دەرهێنەر هەوڵ دەدات کاریگەری ناکۆکی نێوان دایک و باوک لەسەر منداڵ پشان بدات ، بەداخەوە فیلمەکە نەیتوانیوە ئەو تابلۆ تاریکە پشانی بینەر بدات ، هەر وەک چۆن نەیتوانیوە چارەسەری بۆ دابنێت ، ئەمە لەکاتێک دا بونی ناکۆکی نێوان ژن و مێردێک دەتوانیت دەیان دیالۆگی کاریگەر لەخۆ بگرێت وەک ئەوەی زۆرێک لەتاکی کورد بەمنداڵی ئەزمونی کردووە ، ژیان لەناو کەشی ماڵێکی پڕ دەنگ دەتوانێت دەیان ئایدیای بەرجەستەکراو بکاتە بەشێک لەڕوداوە درامیەکان ، دەرهێنەری فیلم نەیتوانیوە ئەو ڕوداوە وەک پێویست بەکار بهێنێت لەپێناو گەیاندنی پەیامی ( بێ ماڵی باشترە لەماڵی پڕ دەنگ ) وەک پێشینان فەرمویانە .

لەناو ماڵی بەمۆ و مەریەمدا  بینەر قەتیس دەبێت ، ئەتوانم هەست بکەم بینەرانی فیلم سەدان بیرۆکەیان بۆ دروست بوو بوو کاتێک دەیان بینی ئەو هەموو کاتە لەو ماڵەدا دەڕوات بەبێ ئەوەی دوو ڕستەی درامی و خێزانی ببیسترێت .

گۆرانی خالقی 
لەسەرەتای فیلمەکەوە گوێبیستی گۆرانیەکی هونەرمەندی گەوهەری میلۆدی کوردی ( مەزهەری خالقی ) دەبیستین ، دواتر دوبارە دەبێتەوە ، زیادەڕویکردن لەبەکارهێنانی گۆرانیەکانی ئەو هونەرمەندە وادەکات بینەر بپرسێت بۆ ئەو هەموو زیادەڕەوییە ؟

گۆرانی بەشێکی گرنگە لەناو پێکهاتەی درامی فیلمدا بەڵام زیادەڕەوییکردن هیچ مانایەکی نیە ، بەتەنها گۆرانی خالقی دەتوانێت کەشێکی هەستبزوێن دروست بکات ، زۆر بەداخەوە ئاستی نواندن و وێنەگرتنی فیلم هێندە لاواز بوو کاریگەری گۆرانیەکەش ون بوو بوو .

(( نیو کاتژمێری سەرەتای فیلم هیچ پەیامێکی هەڵنەگرتووە ، بینەر لەسەر کورسی سینەماکان بێتاقەت دەبێت لەوەی ئایا بۆ دانیشتووە ، لەدەوری خۆم هەستم بەو بۆشاییە دەکرد سەرەتای فیلمەکە دروستی کردبوو ))

دیمەنی تۆمارکردنی فیلم

لەناو فیلمەکدا دیمەنێکی تێدایە دیالۆگێک دەکرێت لەساتەوەختی ئەسپسواریدا ، هەڵەیەک ڕوو دەدات و کاراکتەری بەمۆ توڕە دەبێت و پەلاماری هاوپیشەکەی دەدات ، ڕانگدانەوەی ئەم دیمەنە لەسەر دەرهێنەری فیلمەکە زیادەروی تێداکراوە ، ئەمە لەکاتێکدا بینەر باش دەزانێت کەسایەتی دەرهێنەر دەبێت زۆر خۆراگر و ئاسایی بێت ، ڕۆژانە چەندین هەڵە ڕوو دەدات و گرتەکان دوبارە و سێبارە و چەند بارە دەکرێنەوە ، لەکاتی هەڵەکەدا کاردانەوەی دەرهێنەر زۆر زیادەڕوی تێداکرابوو .

سەرنجتان ڕادەکێشم بۆ دیالۆگێک کاتێک باسی مەریەم دەکەن بۆ بەمۆ دەڵێن ( خۆشی دەوێیت بەڵام خۆی کەر کردبوو ) وەک ئاسانکاری بۆ ئەوەی بەمۆ لەگەڵ مەریەم ئاشت بکەنەوە ، زمانی دیالۆگی ناو فیلم لەئاستێکی زۆر نزمدابوو .

سیناریۆیەکی لاواز
تەلەفۆنی مەریەم بۆ بەمۆ پاش دابڕانێکی دوور و درێژ ، هەست دەکەیت لەژیانتدا نەت دیوە دوو هاوسەر بەو شێوەیە کرچ و کاڵ دیالۆگ بکەن ، دیمەنی ئەو تەلەفۆنە دەیان کەم و کوڕی لەگەڵ خۆی هەڵگرتبوو ، لەسیناریۆی کردنەوەی کامێرا تا دەگات بە خیانەت ، پاشان ئەبێت بینەر ئەو پرسیارە لەخۆی بکات ( شیراز ) چۆن زانی بەم پلانە بەمۆ و مەریەم کامێرا دەکەنەوە ؟
تا بەو شێوەیە خۆی بکات بەژوردا و بەمۆ بانگ بکات !
تەواوی ئەو سیناریۆ لاواز بوو ، کاردانەوەی مەریەم زۆر سارد و ئاسایی بوو .

فلاش باک
پاشان بینەر دەڕوات بۆ دونیای فلاش باک ، ئەو گرتەیەکی مەریەم و بەمۆ دانیشتون لەکەشێکی سروشت دا گفتوگۆ دەکەن ، گفتوگۆیەک ئەوەندە لەئاستێکی نزمدایە بەهیچ جۆرێک ناکرێت وەک بەشێک لەفیلمی ئاشقانە و درامی و هەست بزوێن وێنا بکرێت ، ( حەزەکەم بێمە ناو چاڵی چاوتەوە ! ) ( حەزەکەم هەموو فیلمەکانت فەشەل بێنێت ! ) ( ئەمەوێت سجنکەم ! ) و هتد ...

لەناو بەندیخانەدا
دیمەنەکانی جگەرەکێشان و بردنە ژورەوەی ( ویسکی ) و هتد ، ئەمە لەکاتێک دا بەندیخانە لەژێر سێبەری بەڕێوەبەر و ستافێک دایە بەردەوام ئەشکەنجەی بەمۆ دەدەن ، لێرەدا ئەو بەشەی پەیوەستە بە بەندیخانەوە ئەوەندە ئاسان بوو شیکاری ناوێت ، بینەر خۆی لەفیلمەکەدا هەست بەکەم و کوڕیەکان دەکات ،
 سڵاو کردن و دەستگرتن لەپشتەوە گاڵتەجاڕی بوو ، دیسپلینی سەربازی لەناو فیلمەکەدا ون بوو .

دیمەنی ناو دادگا 
دیمەنەکانی ناو دادگا ، ئەو هەموو تۆمەت و تاوانە دەدرێتە پاڵ بەمۆ ، لەبەرامبەردا لەدیمەنی کۆتایی دادگادا کاتێک پۆلیسەکان بەمۆ دەبەنە دەرەوە هەموو کاردانەوەیەکی بەمۆ تۆمەت و بەندکردنی دەداتە دەست خوا ( شوان عەتوف ) تەنها سوود لەتوڕەیی و دەنگە بەرزەکەی وەرگیرابوو ) دەرهێنەری فیلم لەتواکانی شوان عەتوف تەنها سوودی لەدەنگە بەرزەکەی و توڕەییەکەت وەرگرتووە لەکاتێک دا لەشوێنی خۆیدا بەکاری نەهێنابوو .

کاتێک باهۆز باوکی دەبینێت لەبەندیخانە ، گفتوگۆیەکی بێ ناوەڕۆک ، ئەو دیمەنی یەکتر بینینە دەکرا کەشێکی درامی وای دروست بکەیت بینەر نەتوانێت بەرامبەر وشەکان خۆراگر بێت ، بەڵام وەک پێکهاتەی دوور و درێژی فیلم باشترین دەرفەت بۆ دەرهێنەر تەنها توڕەیی و هاوار کردن بینرا ، 

کاردانەوەکانی کاراکتەری بەمۆ 
دیمەنێک خاڵی لەدیالۆگ هەژار لەوێنەگرتندا ، 
لەناو گەرماوی بەندیخانەدا کاتێک هەواڵی شوو کردنی مەریەم دەگات بە بەمۆ گۆرانیەکی ( یادگار خالیدی ) و هەڵپەڕکێی بەمۆ لەگەڵ زیندانیەکان و تێکەڵ کردنی خەم و گریان و خۆشی ) ئەم بەشەی فیلمەکە هەژارترین بەشی فیلمەکە بوو ، چونکە بەڕونی دیارە نەیانتوانیوە لەڕێگەیەکی دیکەوە دیمەنی ئەو هەواڵە تاڵ وێنا بکەن ، بەم شێوە هەواڵی هاوسەرگیری ژنەکەی لەگەڵ هاوڕێکەی وێنا دەکەن ، لێرەدا بینەر بەجۆرێک بێزار دەبێت وێنا ناکرێت 

ژوڕێکی تاریکی شەوە هەنگوینیەکان
دواتر بینەر دەگوازرێتەوە بۆ ژورێکی تاریک ، تاریک وەک ئەو هەموو تاریکیەی تابلۆی فیلمەکەی تاریک کردبوو ، گفتوگۆیەکی سارد و سڕی نێوان نزار و مەریەم ، ئەو نزارەی ژنی هاوڕێکەی هێناوەتەوە ، کاتێک ئەو دیمەنەم دی بەهیوام بووم کەمێک هەنگاوی نوێ و کەشی درامی ببیبم بەڵام بەداخەوە هەمان کەشی بەستەڵەکی نەبونی دیالۆگی سینومایی فیلمەکەی داپۆشیبوو .

پاش یەک مانگ 
دیمەنەکان پاش یەک مانگ ، دەستپێک دەستی بەمۆ لەژێر ڕوناکی تیشکی هەتاو وێنەی دەمی قازێک و دەنگی قاز بەدەنگی بەمۆ ، وەک بیرکردنی باهۆزی کچی ، ئەتوانم بڵێم تەنها ئەم دیمەنەی کامێرا بەدڵی من بوو ، یەک خولەک دواتر دوبارە لێپێچینەوە پارەکەت لەکوێ شاردۆتەوە ؟
لێکۆڵینەوە بێبنەماکانی پۆلیس و ئەشکەنجەی دوبارە ، پاش ئەو هەموو کاتە بەرپرسی بەندیخانە دەزانێت ئەشکەنجەی بەمۆ دراوە بانگی دەکات بۆ ژورەکەی خۆی تەنها ئاگادار کردنەوەی دەمی !!
لێرەدا ئەم گرتەیە بەجێ دەهێڵم بۆ خوێنەران و بینەرانی فیلمی ئالودە ئایا ئەم جۆرە لەنواندن تا چ ڕادەیەک تۆی ڕازیکرد ؟

میوزیکی فیلم
میوزیکی فیلم زۆر بێزارکەر بوو ، بەجۆرێک نەت ئەتوانی بەئاسانی گوێ بگریت ، ئیقاعێکی دوور و درێژی بێزارکەر بەتایبەت ئەو گرتەی بەمۆ لەبەندیخانە دێتە دەرەوە و خێرا تاکسیەک ئامادەیە و دەیگوازێتەوە بۆ شوێنی مانەوەی پاڵەوانی خەیاڵی ( فیدا ) باوەڕ ناکەم تا ئێستا کاراکتەری لاواز بەو شێوە گەورەکرابێت ، دیمەنی دەستپێکی ناساندنی ( فیدا ) زیادەڕویەکی زۆری تێدا بوو ، کاتێک تۆ ئەکتەرێکی سەرکەوتوو نەبوویت ، خاوەنی زمان و دەنگ و جوڵەی سینەمایی نەبویت بە هەزار تەکنیک و کامێرا ناتوانیت ببیت بەئەکتەر ئەوی من بینیم تەنها نمایشی کامێرا بوو نەوک ئەکتەر ، بە جگەرە کێشان و مەی خواردنەوە نابیت بە ئەکتەر ، بەدرێژایی ئەو فیلمە تەنها یەک مێزی نان خواردن دەبینرێت مەی لەسەر نەبێت ، وتمان فیلم ناوی ئالودەیە بەڵام بەگشتی لەریکلامی بازرگانی ئەلکحول دەچوو نەک  لەفیلم .

هێمن لەبەردەم تۆڵەی بەمۆدا
کاتێک بەدەم  و دەست بەستراوی هێمن دەخرێتە بەردەست بەمۆ و پێی دەوترێت خیانەتی لێکردویت ، هاوکاری نزار بووە ، بینەر لەبەردەم گرتەیەکی سارد و سڕدا جۆش دائەمێنێت ، کاردانەوەی بەمۆ و ڕوخساری بەمۆ هیچ لەئاست ئەو هەواڵەدا نەبوو ، دواتر فیدا دێتە ناوەوە وەک ئەوەی یەکەم جار بێت ببیستێت و کاردانەوەی فیدان توندتر بوو لەبەمۆ ئەمەش دەمانخاتە بەردەم پچڕانێکی گەورە ، بارمتەیەک لای خۆتان بووە ، کاردانەوە پاش ئەو هەموو کاتە ، دواتر بینەر لەکاردانەوەی بەمۆ دا هێندە سارد دەبێتەوە هیچ هەستێکی بۆ تۆڵەکردنەوەی بەمۆ نامێنێت .

( قەحبەباب بۆ ) 
( گوو بخۆ تەلەفۆنی بۆ بکە ! ) 

کاتێک بەمۆ گوێی لەدەنگی نزار دەبێت کاردانەوەی زۆر بێمانایە لەکاتێک دا ژن و ژیانی لەدەستچووە بەهۆی ئەو ناپاکیەوە لێی کرابوو !
تەنها لەم حاڵەتەدا پێویست بوو بەمۆ توڕە بێت ، توڕە نەبوو هەموو کاردانەوەی لەیەک ڕستەدا کۆ کردەوە ( ئەمە ئەو بەمۆیە بوو خۆتان دروستان کرد ! ) .

دەستدرێژی ، ئاشکرا بوون
دواتر کامێرا دیمەنەکانی ناو ئەو باڵەخانەمان پشان دەدات نزار و شیراز ئاشکرا دەبن ، سەرەتا کاتێک نزار خیانەت دەکات لەشیراز و دەیەوێت دەستدرێژی بکاتە سەر ئەو کاراکتەرە ژنە ، لەبەرامبەردا شیراز کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نیە شایەنی باسکردن بێت ، دواتر دیمەنی هاتنە ژورەوەی فیدا و بەمۆ سەیرترین شت ئەوە بوو نزار وەستابوو لەسەر قەنەفەیەک دانیشت و بەستیانەوە ، بەبێ ئەوەی هیچ بەرگری بکات ، ئەمە لەکاتێک دا لەناو چیرۆکی فیلمەکەدا خیانەتکار و تاوانبار  فێڵباز بوو !

(( نواندنێکی کارتۆنی و سیناریۆیەکی زۆر لاواز ، تەواوی کاتەکانی فیلم بینەر لەناو سیناریۆ بێماناکاندا قەتیس دەبێت 
پاشان فیدا بە بەمۆ دەڵێت : بەمۆ ئەگەر حەزەکەیت عەفوی کە. 
شێوازی بەریەک کەوتنەکان و گفتوگۆکان لەئاستێک دایە ڕەخنەگری سینەمایی شەرم دەکات بەم چیرۆکە کرچ و کاڵە بڵێت فیلم .

کۆتا دیمەن
دوو کورسی و مێزێکی دار ، چاوی کامێرا دەمانبات بۆ ناو ژورێکی زیندان و گفتوگۆی کۆتایی نێوان مەریەم و بەمۆ ، لێرەدا هەژاری پەیامی ئەم فیلمە زیاتر دەر دەکەوێت ، ژنێک بۆی ئاشکرا دەبێت بەستەم هاوسەرەکەی لێ سەندراوەتەوە  ، پیاوێک پاش تۆڵە کردنەوە بۆ کۆتا جار ژنەکەی دەبینێت ، گفتوگۆکانی کۆتایی هیچ پەیامێکی هەڵنەگرتبوو ، فیلمێکی درامی هەست بزوێن لەباشترین دەرفەتدا نەیتوانی پەیامی خۆی بە بینەر بگەیەنێت ، 

دەرهێنەر نەیتوانیبوو توناکانی شوان عەتوف بەکاربهێنێت :
کۆتایی فیلم و چیرۆکی درامی قوفڵێکی ژەنگاوی بوو ، نامەکەی باهۆز بۆ باوکی و ناوی قازەکان لەخەیاڵدانی بینەراندا دەمێنێتەوە ، ماوەتەو بڵێین : لەتواناکانی نواندن و ئەزمونی ئەکتەر ( شوان عەتوف ) تەنها سوود لەدەنگە بەرزەکەی و هاوار کردنی بینراوە ، دەرهێنەر نەیتوانیوە توانای ناوبراو بکات بە کەرەستەیەکی خاو بۆ کوالیتی فیلم و کەشی درامی ڕوداوەکان ، دەتوانم بڵێم سەرجەم ڕەگەزە سەرەکیەکانی فیلم لەناو ئەم فیلمەدا لاواز بوو ، کاتيک فیلم بەم شێوەیە لاواز بوو بینەر لەیەک جار زیاتر سەیری ناکات و دواتر ون دەبێت .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP